Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

جێگری پارێزگاری دھۆک باسی کردنەوەی بازاڕێکی تایبەت بە سەری ساڵ دەکات

دھۆک -KDP.info- جێگری پارێزگاری دھۆک دەربارەی کردنەوەی بازاڕی تایبەت بە سەری ساڵ لە دھۆک گوتی "ئەو جۆرە بازاڕانە سوودی زۆریان ھەیە بۆ ساخبوونەوەی بەرھەمی ناوخۆ و ڕەخساندنی ھەلی کار بۆ گەنجانی خۆمان، بۆیە بەپێی وەرز و کاتەکان فستیڤاڵ و بازاڕی تایبەت دەکرێنەوە."

ماجد سەید ساڵح، جێگری پارێزگاری دھۆک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی "بەردەوام بازاڕ و فستیڤاڵی تایبەت دەکرێنەوە، ئێستا نزیکین لە سەری ساڵ، بازاڕێکی تایبەت بە کڕین و فرۆشتن و نمایشی بەرھەمەکان، بە بەشداری وەبەرھێنەر و سەرمایەدار و بازرگانان لەڕێگە بەڕێوبەرایەتی پەیوەندیداری وەکو  گەشتیاری و کشتوکاڵ و ئەوانەی دیکە دەکرێتەوە، ئەو جۆرە بازاڕانە چەند فاکتەرێکی ئەرێنییان ھەیە، لەوانە گەرموگوڕکردنی بازاڕ، فرۆشتنی بەرھەمەکان، زیادکردنی دەرفەتی کار بۆ گەنجان و ھاووڵاتییان و زیادکردنی بەرھەمی ناوخۆ، کە بەپاڵپشتی حکوومەتی ھەرێم بەردەوام لە زیادبوون دایە، ئێستا چەندین بەرھەمی ناوخۆی وەکو پەتاتە، سێو، ھەنگوین و سماق ڕەوانەی دەرەوە دەکرێن، ئامانجی حکوومەتیش ئەوەیە جووڵەی بازرگانی زیاد بکرێت."

ماجد سەید ساڵح گوتیشی " هاوکات کڕین و فرۆشتنیش زیاد دەبێت و ھەلێکی باشتر بۆ بازرگانی و بۆ ساخکردنەوەی بەرھەمەکان دەڕەخسێنێت، گەنجانیش سوود لە دەرفەتی ھەلی کار وەردەگرن کە لەو بازاڕانە دەڕەخسێت، بەرھەمی ناوخۆش زیاتر دەناسرێن و خواستی زیاتری لەسەر دروست دەبێت، بۆیە کردنەوەی ئەو جۆرە بازاڕانە لە سنووری پارێزگای دھۆک بەردەوامیی دەبێت."

بڵند ئیبراھیم