Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

گوھدار شێخۆ بۆ KDP: پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب لە زاخۆ سەرکەوتووانە کۆتایی ھات

زاخۆ-KDP.info- سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەڵێت، کردنەوەی یەکەم پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە زاخۆ سەرکەوتووانە کۆتایی ھات، کە شەرەفێکی گەورە بوو بۆ ئێمە بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، ئەمەش تەنیا بۆ ئەمساڵ نییە و ساڵانە ئەو پێشانگایە دەکرێتەوە.

گوھدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب لە زاخۆ ئەمڕۆ کۆتایی ھات، سوپاسی سەرۆک بارزانی دەکەین کە لە کردنەوەی پێشانگاکە بەشداری کرد، شەرەفێکی گەورە بوو بۆ زاخۆ و بادینان، وە ئەزموونێکی تازە بوو، بەڵام لە ھەموو ڕوویەکەوە سەرکەوتووبوو، ساڵی داھاتوو پێشانگایەکی باشتر دەکەینەوە کە ببێتە نموونە لەسەر ئاستی عێراق و ھەرێمی کوردستان و باشترین پەرتووکخانە و چاپخانەکان لەسەر ئاستی جیھان بەشداربن.

ئەو ئامارانەی باسکراون لە فرۆشی کتێبدا لەو پێشانگایەدا زۆر دڵخۆشکەرن و دەیسەلمێنێت کە خەڵکی زاخۆ بەتایبەت گەنجان سەرەڕای پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا خوێنەری باشن و خوێندنەوەی کتێب لەناویاندا ھەیە و ھەست دەکەن زیاتر پێویستە لەو بوارە خۆیان ڕۆشنبیر بکەن کە لە کۆندا زاخۆ شاری ڕۆشنبیر و ئەدیبەکان بوو، زانا و ڕۆشنبیر و ئەدیب و ھونەرمەندی ئەو دەڤەرە لەو پێشانگایە دڵخۆش بوون و بەرھەمیان لەو پێشانگایە ھەبوو.

لە پێشانگاکەدا پەرتووک بە ھەردوو زاراوەی سۆرانی و کرمانجی و زمانی عەرەبی و ئینگلیزی و فارسی ھەبوون." 

گوھدار شێخۆ گوتیشی، "ئەو پێشانگایە دەبێتە ساڵانە و ئامانجمان زیاتر پێشوەچوونی شاری زاخۆیە و سوپاسی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین لە دوای ئەوەی زاخۆ بۆتە ئیدارەی سەربەخۆ لە ھەموو بوارەکان پێشوەچوونی بەخۆیەوە بینیوە، سوپاسی ئەوانەش دەکەین لەو پێشانگایە کاریان کردووە کە ماوەی مانگێک ئامادەکارییان کرد تا ئەو پێشانگایە کرایەوە، بۆیە بەردەوام خزمەتی خەڵکی خۆمان دەکەین لە ھەموو بوارەکان."

لە پێشانگای نێودەوڵەتی زاخۆ زیاتر لە (٥٤)ھەزار سەردانیکەر لە (١٠) وڵاتی جیاجیا ھاتبوون و زیاتر لە (٦٠) پەرتووکخانە بەشداربوون و زیاتر لە (٣٨) ھەزار پەرتووک فرۆشران.

 

بڵند ئیبراھیم