دەوحە-KDP.info- ئەمڕۆ شەممە ٦-١٢-٢٠٢٥، د.ھێمن ھەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی، بەشداری لە کۆڕبەندی دەوحەی قەتەر دەکات، ھەروەھا ئەو پانێلەی کە قسەی لەسەر دەکات بابەتی بنیاتنانی ئاشتی و پەیوەندییە ئابورییەکانە، کە لە ناو ۲٤٠ قسەکەری بەشداربوو تەنھا کەسە لە کوردستانەوە بەشدارە.
د.ھێمن ھەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا سەبارەت بە بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی دەوحە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ لە قەتەرم بۆ بەشداری لە کۆڕبەندی دەوحە کە لە ناو ۲٤٠ قسەکەری بەشداربوو تەنھا کەسم لە کوردستانەوە بەشدارم.
ھێمن ھەورامی باس لەوەش دەکات، ئەمە کۆڕبەندێکی ساڵانەی گرینگە لەسەر ئاستی جیھان خەڵکێکی زۆر بەشدار دەبێت، لە سیاسی و دیپلۆمات و لە بەرپرس و سەرۆکی وڵاتان و وەزیرانی دەرەوە، ھاوکات خەڵکانی لێکۆڵەر لەسەر ئاستی جیھان بەشدار دەبن، وە ئەمساڵ لە ھەموو ئەو مەڕاسیمە زۆر قسەو گفتووگۆ دەکرێت، ھەروەھا سەرۆکی سووریا بەشدارە، وەزیرانی دەرەوەی زۆر وڵات بەشدارن، لەو کۆڕبەندەش گفتوگۆی زۆر لەسەر بابەتی ئەمنی و ئاشتی و ئابووری و ئاسایشی وزە گفتوگۆ دەکرێ.
ھەورامی دەشڵێت، ئەو پانێلەی کە ئێمەش قسەی لەسەر دەکەین بابەتی بنیاتنانی ئاشتی و پەیوەندییە ئابورییەکانە، لەگەڵ ھەر یەک لە سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئوردن و جێگری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی قەتەر گفتوگۆ دەکەین، ھاوکات ئەوەی منیش ئەمەوێ زیاتر قسەی لەسەر بکەم زیاتر پەیوەندی بەوەوە ھەیە کە چۆن جێبەجێ نەکردنی دەستوور ئەو ھۆکارانەی لە عێراقەوە نەک نەیانھێشت ئابووری وزە ئەوەی کە لە دەستووردا ئاماژەی پێکراوە و ببێتە مایەی ھێنانە ئارایەی ئاشتی بەڵکو بە پێچەوانەوە کرایە چەکێک بۆ لێدان لە قەوارەی دەستووری ھەرێمی کوردستان جا من ئەو خاڵانە ڕووندەکەمەوە بە وردی.
جێگای ئاماژەیە د.ھێمن ھەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان کاتژمێر ٤:۱٥ی ئەمڕۆ پانێلی ھەیە.
ھەڵکەوت محەممەد