Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئامینە زکری پەیامی سەرۆک بارزانی له کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ئاشتی لە ئیستانبوڵ خوێندەوە

ئیستانبوڵ-KDP.info- ئه‌مڕۆ شەممە، 06ـی کانوونی یەکەمی 2025، ئامینە زکری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ئاشتی و  کۆمەڵگەی دیموکراسی لە ئیستانبوڵ، پەیامی سەرۆک بارزانی لەبارەی پڕۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان، خوێندەوە. 

دەقی وتاری سەرۆک بارزانی:

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

بەڕێزان هاوسەرۆکانی دەم پارتی، بەڕێزان ئەندامانی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی، ئامادەبووانی بەڕێز، ڕۆژتان باش، سڵاوێکی گەرم لە هەمووتان بێت.

لە سەرەتادا دەمەوێت سوپاس و دەستخۆشیی خۆم ئاراستەی ڕێکخەرانی ئەم کۆنفرانسە بکەم. هیوادارم ئەنجام و ڕاسپاردەکانی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، خزمەتی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریی کێشەکان و پێداویستییەکانی سەردەم و قۆناغی نوێ بکات.

بەڕێزان..

دەڤەری ئێمە و هەموو جیهان بە قۆناغێکی هەستیاردا تێ دەپەڕێت. هەموو ئاماژەکان دیاریکەری دەستپێکێکی نوێن، کە دەکرێت پڕ بێت لە ئاستەنگ، یان پڕ بێت لە هەلی نوێ بۆ ئارامی و ئاسایش و ژیانێکی سەربەرز و بەڕوومەت و ئاشتییانە بۆ گەلانی دەڤەرەکە.

پێویستە هەموو لایەنەکان وانە لە هەڵەکانی سەردەمانی ڕابردوو وەربگرن و بە هەناسەیەکی نوێ و تێڕوانینێکی ڕوون و پڕ لە باوەڕ و هیواوە، ڕەفتار لەگەڵ هەموو ئاستەنگ و پێشهاتە نوێیەکاندا بکەن.

هەردەم دیالۆگ و لێکگەیشتن باشترە لە شەڕ و ئاڵۆزییەکان و لە گفتوگۆ و ئاشتیدا مرۆڤایەتی مفادار (سوودمەند) دەبێت.

بەڕێزان..

پڕ بە دڵ دەستخۆشی لە حکوومەتی تورکیا و بەڕێز ئەردۆغان و بەڕێز ئۆجەلان و هەموو ئەو بەڕێزانە دەکەم کە هەلیان بۆ پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری و دانوستاندن ڕەخساند.

لە لایەن خۆمەوە، پشتیوانی هەر هەوڵێک دەکەم کە خزمەتی پرۆسەی ئاشتی و بەهێزبوونی برایەتی و پێکەوەژیانی گەلانی دەڤەرەکەمان بکات.

هیوای سەرکەوتن بۆ هەمووتان دەخوازم، بمێنن لە خۆشی و خێردا.

 

مەسعود بارزانی

6ی کانونی یەکەمی 2025