ئەبوزەبی-KDP.info- ئەمڕۆ ھەینی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ ئیمارات لە شاری ئەبوزەبی لەگەڵ شێخ محەممەد بن زاید ئال نەھیان، سەرۆکی میرنشینی عەرەبیی یەکگرتوو کۆبووەوە.
لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دۆخی گشتیی عێراق دوای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی ناوچەکە کرا.
لای خۆیەوە، سەرۆکی حکوومەت سوپاسی پشتگیری و ھاریکاریی بەردەوامی دەوڵەتی ئیماراتی کرد و خواستی ھەرێمی کوردستانی بۆ برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە دووپات کردەوە.
ھەروەھا دانانی نێردەیەکی ئیماراتی تایبەت بە کاروباری ئابووری لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بەرز نرخاند.
لە دیدارەکەدا ھەردوولا ھاوڕا بوون لەسەر گرنگیی بەھێزترکردنی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و ئیمارات لە ھەموو بوارەکاندا.
