Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نوێنەری حکوومەتی ھەرێم لە ئەمریکا: پەیوەندی نێوان ھەولێر و واشنتن، بەھێزتربووە

واشنتن-KDP.info- ئەمڕۆ  نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازیی له‌ به‌ڕێز مایکل ڕیگه‌س جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا کرد و نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش لە ئەمەریكا دەڵێ، پەیوەندیی هەولێر و واشنتن بەردەوام لە بەهێزبووندایە و هەماهەنگییەکەش لە ڕووی ئاسایش و ئابوورییەوە ڕەنگی داوەتەوە. دەشڵێ، ئەم بەرەوپێشچوونانە لە کاتێکدایە کە ئەمەریکا گەورەترین کونسووڵخانەی خۆی لە جیهاندا لە شاری هەولێر دەکاتەوە.


پەیوەست بە کردنەوەی تەلاری کونسوڵگەریی  ئەمەریکا لە هەولێر،  تریفە عەزیز، نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمەریكا، له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا  بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان، لە ئیدارەی سەرۆک ترەمپ گرینگیی زیاتریان پێ دراوە و پێشکەوتنی زۆر باشیشیان بەخۆیانەوە بینیوە، ئەم بەرەوپێشچوونانەش لە کاتێکدایە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا گەورەترین کونسووڵخانەی خۆی لە جیهاندا لە شاری هەولێر دەکاتەوە، ئەمەش نیشانەی فراوانبوونی پێگەی سەرەکیی دیپلۆماسیی واشنتن و ڕەنگدانەوەی وەبەرهێنانی درێژخایەنە لە داهاتووی سەقامگیری و ئاسایش و ئابووریی ناوچەکەدا، کە ئەم دامەزراوەیە پشتگیرییەکی قووڵتر دەکات لە هەماهەنگی لە بوارەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بازرگانی و وزە و پەرەپێدانی ئابووری، لە هەمان کاتدا بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکییەکان و خەڵکی هەرێمی کوردستان.
تریفە عەزیز گوتیشی، "سەردانی مایکل ریگاس، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ هەرێمی کوردستان، دەرخەری زیاتری پابەندبوونەکانی واشنتنە بە هەرێمی کوردستان و ڕۆڵی لە بەرەوپێشبردنی ئامانجە هاوبەشەکانی سیاسەتی ئەمەریکا-عێراق. سەردانەکەی بەڕێزیان دوای سەردانە بازرگانییەکانی کۆمپانیا ئەمەریکییەکان لە ماوەی ڕابردوودا دێت، بەتایبەتی سەردانی شاندی ژووری بازرگانیی ئەمەریکی و  ئەنجوومەنی بازرگانیی ئەمەریکا-کوردستان، کە سەردانی ئەم شاندانە، ئاماژەیە بۆ بەشدارییە گرنگەکانی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا.

عەزیز ڕەسووڵ