هەولێر-KDP.info- وەزیری پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەمساڵ تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەم ھاتووەتە پێش، کە مەبەست لەو کارەش بۆ ئەوەیە خانەوادەی قوتابیان سوود لە پشووی سەری ساڵ وەربگرن، چونکە دوای تەواوبوونی تاقیکردنەوەکان، ڕاستەوخۆ پشووی سەری ساڵ دەست پێدەکات.
لەبارەی تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەم، دکتۆر ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دوا و گوتی، "بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی پارێزگا و قەزاکان کارەکانی خۆیان ئەنجام دەدەن، ئەمەش یەکەم جار نییە و پێش دوو ساڵیش بەھەمان شێوە تاقیکردنەوەکان پێشخرا و ئەمساڵ خوێندنیش لەچاو پارساڵ چوار ڕۆژ پێش خراوە، بۆیە ئومێدەوارین خانەوادەکان لەمە دوودڵ نەبن، چونکە پارساڵ تاقیکردنەوەی وەرزی یەکەم ئەنجام درا گلەییمان لێکرا، کە دوای سەری ساڵ ڕاستەوخۆ تاقیکردنەوە ئەنجام درا، ئەمەش بووە ھۆی نیگەرانیی بەشێک لە خانەوادەی قوتابیان کە سوودیان لە پشووی سەری ساڵ وەرنەگرتووە، بەھۆی ئەوەی لە ٢٥/١٢ ساڵانە دەبێتە پشوو بەھۆی ھاتنی سەری ساڵەوە لە ناوەندەکانی خوێندن، بۆیە خانەوادەی قوتابیان سوود لەو پشووە وەرناگرن بەھۆی ئەوەی دوای پشووەکە ڕاستەوخۆ تاقیکردنەوەی وەرزی یەکەم دەستپێدەکات.
د. ئالان حەمە سەعید گوتیشی، وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان وەکو پێش دوو ساڵ تاقیکردنەوەکانی ھێنایەوە پێش پشووی سەری ساڵ، کە لە ١٤ و ١٥ی ئەم مانگە تاقیکردنەوەکان دەست پێدەکەن و لە ٢٤ی ئەم مانگەدا کۆتایی پێدێت، چونکە ڕاستەوخۆ دوای تاقیکردنەوەکان دەبێتە پشووی سەری ساڵ، بۆیە ئەمە تاقیکردنەوەی نیشتیمانی نییە و تاقیکردنەوەی وەرزییە و ئەوەی خوێندوویانە لەوە تاقیکردنەوە دەکەن و لە وەرزی دووەم دەوام زیاتر دەکرێت ئەوکات دەتوانن پرۆگرامی خوێندنی ساڵ تەواو بکەن، بۆیە با خانەوادەی قوتابیان دوودڵ نەبن و ئەمە بۆ ئەوەیە خانەوادەی قوتابیان سوود لە پشووی سەری ساڵ وەربگرن.
بڵند ئیبراھیم