ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی بارەگای بارزانی لە وەڵامی لێدوانێکی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەھەپەدا ڕایگەیاند، ناوبراو ھێشتا بە عەقڵیەتێکی شۆڤێنیانە مامەڵە دەکات و لێدوانەکانی سەبارەت بە سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ جزیرێ، دوورن لە ھەموو نەریتێک و خزمەت بە ھیچ لایەنێک ناکەن.
ئەمەی خوارەوە دەقی وەڵامەکەیە:
بەداخەوە دەوڵەت باخچەلی لەسەر سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ جزیرێ و بەشداری لە سیمپۆزیەمی مەلای جزیری دیسان بەپێی عەقڵیەتی شۆڤینی دواوە و لێدوانی داوە کە دوورە لە ھەموو عورفێک و خزمەتی ھیچ لایەک ناکات.
قسەکانی باخچەلی لە حاڵێکدایە کە ھەموو ئەو وردەکارییە ئەمنی و ئەو ڕێوشوێنەی بۆ سەردانی سەرۆک بارزانی گیرابووەبەر بەپێی تەوافوقێکی پرۆتۆکۆلی بووە لە نێوان دەزگا پەیوەندیدارەکانی ھەرێم و تورکیا. لەگەڵ ئەوەشدا ھەمووجار لەکاتی سەردانی بەرپرسە پلە بەرزەکانی تورکیاش بۆ ھەرێم یەکە سەربازییە تایبەتەکانی تورکیا لەگەڵیاندا ھاتوون و ھیچ گرفتێک ڕووینەداوە.
سەردانەکەی سەرۆک بارزانی پشتیوانیی بوو بۆ پڕۆسەی ئاشتی کە باخچەلی ئیدعا دەکات پشتیوانی لێ دەکات. ئێمە وامان دەزانی کە خودا دەوڵەت باخچەلی ھیدایەت کردووە و وازی لە ڕەگەزپەرستی و شۆڤینیەت ھێناوە، بەڵام دیارە کە ھێشتا گورگە بۆرەکەی جارانە ئێستا لە پێستی مەڕدا.
گوتەبێژی بارەگای بارزانی
٢ی کانوونی یەکەمی