Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پارێزگاری ھەولێر: به‌م سیناریۆیانە خەڵکی کوردستان ڕاستییەکان لەبیر ناکەن

ھەولێر-KDP.info- پارێزگاری ھەولێر گەیشتە گوندی لاجان و ڕایگەیاند کە ھەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوەی خەڵک بۆ سەر ماڵ و حاڵیان بەردەوامن و دڵنیایشیدا کە دەستی ئاژاوەگێڕان کورت دەکەنەوە.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر، لە میانی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە ناو گوندی لاجان، داوای لە دانیشتووانی گوندەکە کرد کە بەبێ ترس بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، ناوبراو ھەموو ئەو پروپاگەندانەی ڕەتکردەوە کە باس لە ئازاردانی خەڵک دەکەن و ڕوونی کردەوە کە ھاتنی ھێزە ئەمنییەکان تەنھا بۆ پاراستنی سەروماڵی خەڵکی لاجان و ڕێگریکردنە لەو دەستە دەرەکییانەی دەیانەوێت ئارامیی ناوچەکە تێک بدەن، نەک بۆ لێدان لە خەڵکی کاسبکار و نیشتمانپەروەر.

لە بەشێکی گرنگی لێدوانەکەیدا، پارێزگاری ھەولێر ھێرشی توندی کردە سەر بەشێک لە دەزگا میدیاییەکان و ئاشکرای کرد کە ئامانجی ئەو میدیایانە لە گەورەکردنی کێشەی لاجان و پێچواندنی بە دۆخی (لالەزار)، تەنیا بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو شەرمەزارییە گەورەیە بووە کە لە ھێرشکردنە سەر کێڵگەی کۆرمۆر تووشیان بووە.

خۆشناو جەختی کردەوە، ئەم سیناریۆیانە ناتوانن سەرکەوتنە گەورەکەی پارتی لە ھەڵبژاردنەکان لەکەدار بکەن و خەڵکی کوردستان ڕاستییەکان لەبیر ناکەن.

سەبارەت بە ھەڵوێستی عەشیرەتی ھەرکی، ئومێد خۆشناو ستایشی ڕۆڵی مێژوویی ئەو عەشیرەتەی کرد و بە پارێزەرانی سەنگەرەکانی پێشەوەی کوردستان وەسفی کردن، ئەو ڕوونی کردەوە، چەند کەسێکی ئاژاوەگێڕ بە ھیچ شێوەیەک نوێنەرایەتیی عەشیرەتێکی گەورەی وەک ھەرکی ناکەن، بەڵکو خودی ھەرکییەکان لە پێشەوەی حکوومەتن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دەستە تێکدەرانە و خۆیان بە خاوەنی ڕاستەقینەی حکوومەت و وڵات دەزانن.

لەبارەی دۆخی ئەمنی و پرسی چەکەکان، پارێزگاری ھەولێر دڵنیایی دا، ھیچ بڕیارێک بۆ دەستگیرکردنی بەکۆمەڵی خەڵکی گوندەکە نییە و تەنیا داواکراوان و ئاژاوەگێڕان ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە، ئاماژەی بەوەش دا، لیژنەیەک بۆ ژماردنی چەکەکان پێکھێنراوە، بەو پێیەی زۆربەی چەکەکان ھی ھێزە ئەمنییەکانن، بەڵام حکوومەت بە توندی مامەڵە لەگەڵ ھەر کەسێک دەکات کە چەک دژی یاسا و حکوومەت بەکاربھێنێت.

خۆشناو وەڵامی ئەو میدیایانەشی دایەوە کە دەستەواژەی (داگیرکردن) بەکاردەھێنن و ڕایگەیاند: ئەوانە بەھۆی ئەوەی ڕاھاتوون لەژێر سێبەری داگیرکاریدا بژین، حەز دەکەن ھەموو کوردستان داگیر بکرێت، بەڵام حکوومەت دەستی ئەو کەسانە دەبڕێت کە یاری بە ئاسایشی ھەرێم دەکەن.

لەکۆتاییدا، ئومێد خۆشناو پەیامێکی توندی ئاراستەی ئەنجامدەرانی ھێرشەکەی کۆرمۆر و گرووپە لە یاسا دەرچووەکان کرد و ھۆشداریدا، ھەرچەندە ھەوڵی دروستکردنی فیتنە و ئاژاوە بدەن بۆ لەبیربردنەوەی تاوانەکەی کۆرمۆر، ئەوا ئەو دۆسیەیە بەسەریاندا تێپەڕ نابێت و باجی کارەکانیان دەدەن.