ههولێر-KDP.info- کۆنفراسی ساڵانەی ڕێکخراوی سۆشیالیست ئینتەرناشناڵ لە ماڵتا بە ئامادەبوونی دەیان پارتی سیاسی لە جیهان بەڕێوەچوو، لەوانە نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان بەڕێز هوشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوە و نوێنەری یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان و پارت و لایەنە سیاسییەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان بەشدار بوون.
دیداری ئەمساڵ لەلایەن پارتی کرێکارانی ماڵتاوە کە حزبی حوکمڕانن، ئامادەسازی بۆ کرابوو و لەلایەن بەڕێز سەرۆکوەزایران ڕۆبێرت ئابێلاوە میوانداری کرا.
دەقی بڕیاری سوشیالیست ئینتەرناشناڵ لەسەر پرسی کورد:
لە کاتێکدا سەرنجی جیهانی لەسەر ململانێ گەورەکان و قەیرانە مرۆییەکان چڕ دەبێتەوە، دۆخی گەلی کورد بە شێوەیەکی چارەسەرنەکراو و مافەکانی بە دانپێدانەنراوی ماوەتەوە. گەلی کورد، یەکێکە لە گەورەترین گەلانی بێ دەوڵەتی جیهان، بە درێژایی هەزاران ساڵە لەسەر خاکی ڕەسەنی خۆیان ماونەتەوە و بەردەوامن لە ڕووبەڕووبوونەوە و سنووردارکردنی مافە بنەڕەتییەکانیان لە سەرانسەری ئەو دەوڵەتانەی کە کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە. خەبات و تێکۆشان و ئاواتەکانیان تەنیا بۆ بەدەستهێنانی مافی چارەی خۆنووسین نەبووە، بەڵکو بۆ دەستەبەرکردنی ئەو مافە سەرەتاییانەیە کە شایستەی هەموو مرۆڤە لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانە بێت.
لە عێراقدا، هەرێمی کوردستان ئۆتۆنۆمییەکی بەرچاوی بەدەست هێناوە و کاری بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی سەقامگیر و ئاوەدان کردووە. بەڵام ئاستەنگەکان هەر ماون، لەوانەش ئامادەنەبوونی حکوومەتی فیدراڵی بۆ جێبەجیکردنی تەواوەتیی بڕگەکانی دەستوور و بەردەوامیی بوونی گرووپە چەکدارە نادەوڵەتییەکان. هێرشەکانی ئەم دواییە بۆ سەر ژێرخانی وزەی هەرێم، نیشاندەری مەترسی و هەڕەشەیە لەسەر ئاسایشی ئەو ناوچەیە.
لە تورکیا هەوڵدان بۆ دووبارە پرۆسەی ئاشتی، هیوایەکە بۆ چارەسەرکردنی پرسی لەمێژینەی کورد و بەدەستهێنانەوەی مافەکانیان.
لە سووریا، ڕاگوزەرە سیاسییەکان هەم تەحەددا و هەم دەرفەت دێننە پێش، لەگەڵ گفتوگۆی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و دیمەشق، ئومێدی ئەوە دەبەخشێت کە چارەسەرێکی گشتگیر بێتە پێش کە ڕێز لە ماف و ناسنامەی هەموو پێکهاتەکان بگرێت.
لە ئێران، گەلی کورد بەردەوام ڕووبەڕووی سەرکوتی توند دەبنەوە، لە نێویاندا بەرزبوونەوەی ڕێژەی لەسێدارەدانی چالاکەوانی سیاسی.
سۆسیالیست ئینتەرناشناڵ جەخت لە پابەندبوونی خۆی بە دیموکراسی و ئاشتی دەکاتەوە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی مرۆڤ، خەباتی بەردەوامی گەلی کورد بۆ پاراستنی شوناس و کەڕامەت و دانپێدانانی کلتووری و بەشداریی ڕاستەقینەی سیاسی.
چارەسەری دادپەروەرانە و دیموکراسی و ئاشتیانەی پرسی کورد، بۆ سەقامگیری ناوچەیی و پاراستنی ئازادیی و ئارامی جیهان پێویستە.
سۆسیالیست ئینتەرناشناڵ داوا لە هەموو ئەو دەوڵەتانە دەکات کە گەلی کورد بەشێکە لە دانیشتووانی، تاوەکو بەدواداچوون بکەن بۆ چارەسەرێکی یەکجاریی سیاسی و گشتگیر کە مافە کلتوورییەکانی تێدا پارێزراو بێت کە هەموو پێکهاتەکان بەشداریی پرۆسەی دیموکراسی و خۆبەڕێوەبەری بکەن لەو ناوچانەی خۆیاندا.
ئەو دەوڵەتانە وەک هەنگاوی یەکەم پێویستە لە دەستووردا دان بە مافی گەلی کورددا بنێن.
سۆشیالیست ئینتەرناشناڵ هەموو پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە خەڵکی مەدەنیی کورد شەرمەزار دەکات، لەوانەش سەرکوتی سیاسی، دەستبەسەرکردنی ئارەزوومەندانە، و سنووردارکردنی ئازادیی ڕادەربڕین و داوا لە هەموو دەوڵەتان دەکات کە ڕێز لە مافی مرۆڤ و یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی بگرن.
سۆشیالیست ئینتەرناشناڵ ڕێز لە بەشداریی کارا و بەرچاوەکانی بزووتنەوە سیاسی، کۆمەڵایەتی و مەدەنییەکانی کورد -بەتایبەت ڕێکخراوەکانی ژنان و گەنجان- لە پێشخستنی فرەیی و یەکسانی جێندەری دەگرێت لە حوکمڕانیدا. هاوسۆزیی خۆی لەگەڵ هەموو پێکهاتە کوردییەکان دووپات دەکاتەوە کە هەوڵ دەدەن بۆ دیموکراسی و یەکسانی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە و پابەندبوونیان بە داکۆکیکردن لە پاراستنی مافەکانی کورد و خواستە دیموکراسییەکانیان لە چوارچێوەی دامەزراوە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکاندا.
