Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دەوڵەت لەژێر هەڕەشەی بۆردوماندا

فازڵ میرانی

سوپاسی حکوومەتی عیراق دەکەین، كە شاندێکی باڵای ئەمنیی ناردووە، بۆ ئەوەی هەڵوەستە لەسەر بۆردومانکردنی کێڵگەی کۆرمۆر بكات، ئەم بۆردومانە یەکەمینجار نییە، ئەگەریش دوایینجار بێت، ئەوەیان دەكەوێتە سەر سەروەریی، سەروەریی دەوڵەت و هێزە ناوخۆیی و هێزە هەرێمایەتییەكان، سوپاسگوزارییەكەش ئەو كاتەیە، كە هاووڵاتییان سوپاسی دەسەڵاتی دەوڵەتەكەیان بكەن، ئەگەر ئارامییان بۆ دابین بكات و سەرچاوە و سامانیان لە دەستی تێکدەران بپارێزێت.

وەک چۆن هاووڵاتی ئەرکی لەسەر شانە، ئاواش دەسەڵاتیش ئەرکی گەورەتری لە ئەستۆیە، کە یاسا پێی سپاردووە و جێبەجێکردنەكەیشی بۆ دەستەبەر کردووە، لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە: ئەمە چ جەنگێکی بەردەوامە دژی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بەرپادەکرێت؟ لە لایەکەوە هێرشی مووشەکیی و بۆردومانی فرۆكەی بێفڕۆكەوان، پێشتر و ئێستایش، ڕێگریکردن لە سەرەتاییترین و سادەترین مافەکانمان، کە یەکسانیی دەستوورییە..!

لەم هێرشەدا ڕاستییەکی تاڵ ئاشکرا بوو، ئایا ئێمە لەبەردەم هێزێکی ناوخۆیی ئەوەندە بەتواناداین، کە بتوانێت نەبوونی سیستەمی بەرگری و کەموکوڕی گەورە لە سەروەرییەكەیدا بقۆزێتەوە و بەبێ هیچ سڵەمینەوە و بەربەستێك لە بەرژەوەندییەکانی عیراق بدات؟ خۆ ئەگەر ئەم هێزە دەرەکی یان نەناسراو بێت، ئەوا کارەساتەکە گەورەتریشە.

ئەو لایەنەی هێرشی کردووەتە سەر کۆرمۆر، هیچ بەها و بایەخێک بۆ هیچ دەقێکی یاسایی نیشتمانیی دانانێت، ئەو لایەنە ئینتیمای بۆ عیراقی نوێ نییە، بەڵکو تەنیا جێبەجێکاری ئایدۆلۆژیا تاریكپەرستانەکەی خۆیەتی و فاكتەری زیانگەیاندنە بە سامانی وڵاتەكەی و بە ئەنقەست زیان بە عێراقییەکان دەگەیەنێت، خاوەنی چەکێکە نە مۆڵەتی یاسایی هەیە و نە هیچ لایەنێکی نیشتیمانییش ڕێگەی بەکارهێنانی پێداوە.

ئێمە بەمشێوەیە و بەپێی شێوازە یاسایی و سیاسییە دروستەکان، وەها لەم بابەتە تێدەگەین، ئەو لایەنەی کێڵگەیەکی کردووەتە ئامانج، کە وزە بۆ تۆڕی کارەبای عێراق دابین دەکات، بووەتە هۆی ئاڵۆزکردنی ئەم بارودۆخەی، کە لایەنە ناوخۆیی و دەرەکییە پشتیووانەکانی عیراق، هەوڵی کۆنترۆڵکردنی دەدەن، بە جۆرێك، کە لە بەرژەوەندیی ناوبانگ و ئەدای عێراقدا بێت.

ئەم جۆرە کردەوانە، دەرگا لەبەردەم بێ متمانەیی نێودەوڵەتی دەکاتەوە، دەستوەردانی زیاتر لە دەستوەردانەكان دێنێتە ئارا و ململانێی هێزەکانیش توند و چڕتر دەكات.

دوای ئەم كردەوە تێكدەرانەیە، چ شتێك لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەوانە پێویستترە، كە هەمیشە ئامادەن بۆ كاری تێكدەرانە و قوڵتركردنەوەی قەیرانەکانی عێراق، لە كاتێكدا ئێمە بە هەموو توانایەكمان کار بۆ تێپەڕاندنی توندیی قەیرانەكان دەکەین؟

بەیاننامەکانی ئیدانە و سەرکۆنەکردن، کە لایەنە زیانلێکەوتووەکان دەریانكردووە، ڕاستگۆیانەن و لەلایەن هێزە کاریگەرەکانیشەوە وەڵامیان دەبێت، ئەو هێزانەی کار بۆ ئەوە دەکەن، کە هەموو ئەوانەی بەرپرسیارێتی ئەم كردەوانەیان دەكەوێتە ئەستۆ، باجی کردەوەكانیان بدەن، ئینجا دووبارە ببنەوە یان نا.

نە ئەم كردەوە دوژمنكارانەیە و نە ئەوانەی پێشتریش ڕوویان نەدەدا، ئەگەر بایەخ بە سەروەریی و پاراستنی سەروەریی بدرایە. ئەم تاوانە و هەروەها تاوانی دیکەی هاوشێوە و ناشرینتریش ڕوویان نەدەدا، ئەگەر ئەو بەڵێنانەی سەبارەت بە سەروەریی دەدران، بە جدی كار بۆ چەسپاندنیان بكرایە. ئەوەی ئێمە هۆشداریمان لەبارەیەوە دابوو، ئێستا بەبێ هیچ ڕێگریی و بەرهەڵستییەك لە عێراقییەکان و بەرژەوەندییەکانیان دەدات. نازانم بۆچی زۆرێک هەن، تووشی سەرسوڕمان دەبن یان ئیدانەی ئەو تاوانانە دەکەن، کە خۆیان لە بەرامبەر سەرهەڵدان و بەرفراوانبوونیدا بێدەنگ بوون؟

یاسای عێراقی و یاسا نێودەوڵەتییەکان لە سزاکانیاندا ڕوون و ئاشکران، کە بەسەر ئەنجامدەرانی ئەم جۆرە تاوانانەدا دەسەپێنرێت، گلەیی لە عەقڵیەتی تێکدەرانە ناکرێت، چونکە یاسا ڕێگە بە دەسەڵات دەدات، بەرگری لە هاووڵاتییانی و مافەکانیان بکات و بۆ گەیشتن بە ئەنجامدەرانی تاوانەکە، ڕێگەی پێ دەدات سڵ لە هیچ نەکاتەوە و بەجدی مامەڵە بکات، هەروەها هەر حکوومەتێک کە بانگەشەی سەروەریی بکات، پاساوی ئەوەی نییە کە خۆی وانیشان بدات لە هێزی دیکە لاوازترە، چجای ئەوەی ئەو هێزە ناوخۆیی و لە چوارچێوەی دەسەڵاتەكانی خۆیدابن.

ئێمە پێشبینی دەكەین ئەم دەستدرێژییەی دوایی، ببێتە هاندەرێکی بەهێز بۆ جووڵەیەکی خێرا لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەلەکەمان و گەلانی عێراق، جووڵەیەک، کە ببێتە کردەوە و کردار و کەرەستەی پێویست، تا ڕێگر بێت لەوەی ئیرادەی نیشتیمانیی، لەبەردەم چەکدارە لە یاسا دەرچووەكان، بە لاوازیی دەربکەوێت.

 

و: لە عەرەبییەوە: سەردار حوسێن