Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەردانەکەی سەرۆک پەیامێکی سیاسی و نەتەوەیی گرینگ لەخۆ دەگرێت

زاگرۆس فەتاح

ڕۆژی شەممە (٢٩/تشرینی دووەمی /٢٠٢٥) سەرۆک بارزانی لە پارێزگای شەڕنەخ بەشداری لە چوارەمین سیمپۆزیۆمی مەلای جزیری کرد.

بەشداریکردنی سەرۆک بارزانی لەو سیمپۆزیۆمەدا، جگە لە گرینگیدانی سەرۆک بارزانی بە شاعیر و عاریفێکی گەورەی کورد، سەردانەکە بۆ شارێکی باکووری کوردستان پەیامێکی سیاسی و نەتەوەیی گرینگ لە خۆ دەگرێت، لەلایەنی سیاسییەوە نیشاندەری ئەوەیە کە سەرۆک بارزانی وەک هەمیشە پشتیوانی چارەسەری کێشەی کوردە لە تورکیا بە ڕێگه‌ی سیاسی و ئاشتیخوازانە، هەروەک جەنابیشیان لە وتارەکەیاندا ئاماژەیان پێدا و دەستخۆشییان لە هەردوو لایەنی تورکی و کوردی کرد، پشتیوانیی خۆشیان بۆ ئەو پڕۆسەیە دووپات کردەوە.

لە لایەنی نەتەوەییشەوە، شەڕنەخ  ئەمڕۆ ماڵی سەرۆک بارزانی بوو، هەروەک شەڕنەخییەکان باسیان کرد، ئەمڕۆ شەڕنەخ ڕۆژێکی مێژوویی بەخۆیەوە بینی کە وەکو جەژنێک وابوو بۆیان.

سەرۆک بارزانیش وەک هەر شارێکی دیکەی کوردستان چووە شەڕنەخ و لەوێ خاوەن ماڵ بوو، ئەوەی ئەم دۆخەشی خوڵقاندووە، هەست و بیر و باوەڕی نەتەوەیی و یەک چارەنووس و یەک مێژوو و یەک کلتوورە، کە بە توندی پێکیەوە بەستووین و هیچ سنوور و هێزێک نەیتوانیوە و ناشتوانێت لێکمان جیا بکاتەوە.

سەرۆک بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان وەک هەمیشە لە هەوڵ و تێکۆشان بەردەوام دەبن بۆ چارەسەرکردنی ئاشتیانەی دۆزی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان، هەروەک چۆن پێشتریش لە هیچ هەوڵ و دەستپێشخەری و هاوکارییەک لەم بارەیەوە درێخییان نەکردووە.