ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ھێرشەکەی دوێنێ شەو بۆ سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی نەبوونی ڕێوشوێنی تووندە بەرامبەر بە ئەنجامدەرانی ھێرشەکانی پێشوو. بۆیە حکومەتی ھەرێمی کوردستان مافی خۆیەتی ھەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بگرێتەبەر بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئەمنی و ئابوورییەکانی، لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا.
دەقی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان.
ڕاگەیەندراوێک سەبارەت بە ھێرشەکان بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکان و دامەزراوەکانی ھەرێمی کوردستان
لە نێوان ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ و ٢٥ی تەمموزی ٢٠٢٥ دا، کێڵگە نەوتییەکان و دامەزراوە نەوتییەکان، لەگەڵ چەندین دامەزراوەی گرنگ لە ھەرێمی کوردستان، دووچاری ھێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بوون و لە ئەنجامدا زیانی ماددی و ئابووریی بەرچاویان پێگەیشتووە. بۆ لێکۆڵینەوە لەو ھێرشە مەترسیدارانە و دەستنیشانکردنی ئەنجامدەرەکان و بە سزا گەیاندنیان، سەرۆکی حکومەتی فیدراڵ بڕیاری پێکھێنانی لیژنەیەکی ھاوبەشی دەرکرد، بە سەرۆکایەتی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، بە ئەندامیەتی دەزگا ئەمنی و ھەواڵگری و سەربازییەکانی فیدراڵ و ھەرێمی کوردستان.
لیژنە ھاوبەشەکە دەستی بە کارەکانی کرد و لە ٢٨ی تەمموزی ٢٠٢٥ سەردانی ھەرێمی کوردستان کرد و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی مەیدانیان کرد و پشکنینی تەکنیکیان بۆ شوێنە پەلاماردراوەکان کرد بە پشتبەستن بە ئەنجامی پشکنینی تەکنیکی پاشماوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان کە لەم ھێرشانەدا بەکارھێنراون، دەرکەوت کە ڕێڕەوی ھەڵدانیان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ھێزە فیدراڵییەکانەوە سەرچاوەی گرتووە، کە ھاوسنووری ھەرێمی کوردستانە.
ھەروەھا دەزگا ئەمنیی و ھەواڵگرییەکانی ھەرێم دانپێدانانی یاسایی بەڵگەداری ئەو کەسانەیان خستەڕوو کە ئاشکرا دەبێ سەر بە کام رێکخستنن.
لەگەڵ تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، لیژنەی باڵای لێکۆڵینەوە، کە بە بڕیارێکی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ پێکھێنرا، لە بارەگای ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆبووەوە و ڕاپۆرتی کۆتایی خۆی داڕشت، کە ڕادەستی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ کرا بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەر لایەن و کەسانی تێوەگلاو لە ھێرشەکان.
بەڵام سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو مانگ بەسەر پێشکەشکردنی ڕاپۆرتەکەدا، حکومەتی فیدراڵی ھیچ ڕێوشوێنێکی یاسایی و ئەمنی بەرامبەر بە تاوانباران نەگرتۆتەتەبەر.
لەبەر ڕۆشنایی ئەم ڕاستییانە، دەمانەوێت بۆ ڕای گشتی ڕوونبکەینەوە کە لە ڕاپۆرتی کۆتاییدا، کە ئێستا لە بەردەستی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵە، بە ڕوونی ئەو لایەنانەی بەرپرسن لە ھێرشە تیرۆریستییەکان، دەستنیشان دەکات، کە لە ڕێگەی بەکارھێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە زیانی بەرچاو و مەترسیداریان بە ژێرخانی وزەی ھەرێمی کوردستان گەیاندووە. ڕاپۆرتەکە چەندین ڕاسپاردەی لەخۆ گرتووە، دیارترینیان ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی بوو بۆ تاوتوێکردنی ڕاپۆرتەکە و گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی پێویست لەدژی لایەنی بەرپرسیار. بەڵام تا ئێستا ھیچ کام لەم ڕاسپاردانە جێبەجێ نەکراون.
حکومەتی ھەرێمی کوردستان، داوا دەکات حکومەتی فیدراڵ، ئەرکە دەستووری و یاسایی و ئەمنییەکانی خۆی جێبەجێ بکات و ڕێکاری خێرا لە بەرامبەر تاوانباران و ئەوانەی لە پشتیانەوەن بگرێتەبەر، بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی ئەو جۆرە کردەوە و دەستدرێژییانە، کە ھەڕەشە لە ئاسایشی نیشتمانی و بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی دەکەن، دووبارە نابنەوە.
ھەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە بەردەوامبوونی بێھەڵوێستی بەرامبەر ئەو کەسانەی تێوەگلاون، پێشێلکردنی بەرپرسیارێتی دەستووری و ئەمنییە و ئەم کەمتەرخەمییە تەنیا ھانی ئەو ڕێکخراوانە دەدات بۆ درێژەدان بە کردەوەکانیان.
ھێرشەکەی دوێنێ شەو بۆ سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی نەبوونی ڕێوشوێنی توندە بەرامبەر بە ئەنجامدەرانی ھێرشەکانی پێشوو. بۆیە حکومەتی ھەرێمی کوردستان مافی خۆیەتی ھەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بگرێتەبەر بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئەمنی و ئابوورییەکانی، لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا.
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان
٢٠٢٥/١١/٢٧