Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزیری تەندروستی: هێرشەکەی کۆرمۆر یارییە بە ژیانی هەزاران نەخۆش لە ژووری نەشتەرگەری

ھەولێر-KDP.info- وەزیری تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە پەیامێکی تونددا ھێرشکردنە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر بە لوتکەی دژایەتیکردنی مرۆڤایەتی و بێویژدانی وەسف دەکات و ھۆشداری دەدات لەوەی، ئەم کردەوەیە تەنھا بڕینی وزە نییە، بەڵکو ھەوڵێکە بۆ ڕاگرتنی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان و خستنە مەترسیی ژیانی ئەو نەخۆشانەی لە دۆخێکی ھەستیار و کتوپڕدان.

لە کاردانەوەی ھێرشە تیرۆریستییەکەی شەوی ڕابردوو، د. سامان بەرزنجی بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە داوە کە، تەقاندنەوەی کێڵگەی کۆرمۆر کارێکی قێزەون و تاریکپەرستانەیە. 

بە بڕوای وەزیری تەندروستی، مەترسییەکە تەنھا لەوەدا کورت نابێتەوە کە کارەبا و غاز لەسەر ھاووڵاتییان دەبڕدرێت، بەڵکو مەترسییە گەورەکە لەو بڕینە لەناکاوەی تەزووی کارەبادایە کە ڕاستەوخۆ کاریگەریی مەترسیدار دەکاتە سەر نەخۆشخانەکان.

بەگوێرەی پەیامەکە، ئەو پچڕانە لەناکاوە دەبێتە ھۆی ڕاگرتنی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان بۆ ھەزاران نەخۆش، بەتایبەتی ئەوانەی لە بەشەکانی فریاکەوتن و چاودێریی چڕدان و دۆخی تەندروستییان جێگیر نییە، ھەروەھا دەبێتە ھۆی ڕاگرتنی پڕۆسەی نەشتەرگەرییەکان و کوژانەوەی لەناکاوی ئامێرە پزیشکییە ھەستیارەکان، کە ئەمەش ڕاستەوخۆ یاریکردنە بە گیانی ھاووڵاتییان.

د. سامان بەرزنجی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وێڕای نەفرەتکردن لە ئەنجامدەرانی ئەم ھێرشانە و ئەوانەی دەیانەوێت سزای بەکۆمەڵی خەڵکی کوردستان بدەن، جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئیرادەی دڵسۆزانی نیشتمان لەوە بەھێزترە و کوردستان ھەر بە ڕووناکی و ئاوەدانی و خۆڕاگری دەمێنێتەوە.