بەغدا-KDP.info- ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکەی دوێنێی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکات.
لە بەیاننامەیەکدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەڵوێستی ڕوونی خۆی ئاشکرا کرد و داوای لە حکومەتی عێراق کرد کە بەپەلە ناسنامەی ئەو کەسانە دەستنیشان بکات کە لە پشت ئەم دەستدرێژییەوەن و ڕادەستی دادگایان بکات.
لە بەشێکی بەیاننامەکەدا بە زمانێکی توند هاتووە، مارک ساڤایا دەڵێت: با زۆر ڕوون بێت، لە عێراقێکی خاوەن سەروەریی تەواودا، هیچ شوێنێک بۆ ئەم گرووپە چەکدارانە نییە، ئەمریکا جەختیش دەکاتەوە کە بە تەواوی پشتیوانی لە هەوڵەکانی حکومەتی عێراق دەکات لەم پێناوەدا و هۆشداری دەدات کە، هەموو گرووپێکی چەکداری نایاسایی و ئەوانەشی پاڵپشتییان دەکەن، شوێنپێیان هەڵدەگیرێت، ڕووبەڕوویان دەبینەوە و لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، ساڤایا پشتیوانیی خۆی بۆ کوردستانێکی بەهێز لە چوارچێوەی عێراقێکی یەکگرتوو و سەقامگیر دووپات کردووەتەوە، هاوکات هانی هەردوو حکوومەتی بەغدا و هەولێر دەدات کە هەماهەنگییە ئەمنییەکانیان قوڵتر بکەنەوە و کار بۆ پاراستنی ژێرخانە گرنگەکانی ئابووری و وزەی وڵات بکەن.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکدا، مارک ساڤایا بەناوی ویلایەتە یەکگرتووەکان پابەندبوونی نەگۆڕی خۆی دووپات کردەوەبۆ هاوکاریکردنی حکومەتی عێراق لە پەرەپێدانی تواناکانی بەرگری و بنیاتنانی هێزە نیشتمانییەکان، بە ئامانجی پاراستنی سەرچاوەکانی عێراق، بەرگریکردن لە سەروەریی وڵات و دڵنیابوون لە ئاسایش و خۆشگوزەرانیی سەرجەم هاووڵاتیان.