هه‌ولێر-KDP.info- به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئاو و ئاوه‌ڕۆی هه‌رێم ده‌ڵێ "به‌هۆی جێبه‌جێكردنی قۆناغی دووه‌می ئاوی فریاگوزاریی هه‌ولێر، ئاو گه‌یشتووەته 60 گه‌ڕه‌ك و ناوچه‌كانی عه‌نكاوه و به‌حركه و ده‌وروبه‌ری شه‌قامی 150 مه‌تری."
ئه‌ندازیار ئاری ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئاو و ئاوه‌ڕۆی هه‌رێم به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند "پڕۆژه‌ی ئاوی فریاگوزاریی هه‌ولێر قۆناغی، دووه‌م دوو به‌شه، به‌شی یه‌كه‌می ئاو ده‌گه‌یه‌ندرێته شاری هه‌ولێر، به‌شی دووه‌م به‌ستنه‌وه‌ی هێڵی ئاوی فریاگوزارییه به‌و گه‌ڕك و ناوچانه‌ی بڕیاره ئاویان له‌ڕێگه‌ی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌وه بۆ دابین بكرێت، ئێستا هێڵه‌كانی ئاوی فریاگوزاری ئاویان تێدایه، سێ هێڵ مابوون، دوو له‌و هێڵانه سه‌داسه‌د ته‌واو بوونه."
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئاو و ئاوه‌ڕۆی هه‌رێم ده‌شڵێت "هێڵی سێیه‌میش نزیكه له ته‌واوبوون و ئاو ده‌گه‌یه‌ندرێته گه‌ڕه‌كه‌كان، له قۆناغی دووه‌می پڕۆژه‌ی ئاوی فریاگوزاریی نزیكه‌ی 60 گه‌ڕه‌كی شاری هه‌ولێر و ناوچه‌كانی نزیك شه‌قامی 150 مه‌تری له شه‌قامی ڕەشكین هه‌ر له عه‌نكاوه تا ده‌گاته كه‌سنه‌زان و داره‌توو لە پڕۆژەکە سوودمه‌ند ده‌بن، ئێستا دانیشتوانی عه‌نكاوه، به‌حركه، پیرزین و شاوێس ئاویان بۆ ده‌چێت، له داهاتوو كه‌سنه‌زان، بنه‌سڵاوه و داره‌تووش ئاویان بۆ دابین ده‌كرێت."
ئه‌ندازیار ئاری ئه‌حمه‌د، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد "پڕۆژه‌ی فریاگوزاریی ئاوی خێرا یه‌كێكه له پڕۆژه ستراتیژییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، داوا له هاووڵاتییان ده‌كه‌ین، ڕێنماییه‌كانی حكوومه‌ت به‌رچاو بگرن، به‌گوێره‌ی پێویست ئاو به‌كارببەن، چونكه ئامانجی حكوومه‌ت خزمه‌تكردنی هاووڵاتییانه، به‌ڵام ئه‌ركی هاووڵاتیشه به‌شداربێت له پاراستنی ئاو کە سامانی نیشتمانییە، واتا به‌گوێره‌ی پێویستی خۆی به‌كاری ببات و ئاو به فیڕۆ نه‌درێت."
قائید میرۆ