هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2025، کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری کارەبا و سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشەکەی شەوی ڕابردووی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان بۆ نزیکەی 1700 – 1800 مێگاوات کەم بووەتەوە.
وەزیری کارەبا گوتیشی "داواکاریی سەرەکی ئێمە بە تایبەت لە ئەمەریکا، دابینکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانییە و پێویستە بە زووترین کات دابین بکرێت بۆ ئەوەی چیدیکە کێڵگە نەوتی و غازییەکانی هەرێمی کوردستان نەکرێنە ئامانج."
کەمال محەممەد ساڵح گوتیشی "ئەگەر لە هێرشەکەدا تەنیا کۆگای کێڵگەی کۆرمۆر کرابێتە ئامانج و هیچ زیانێکی دیکەی نەبووبێت، پێشبینی دەکەم، لە ماوەی 24 بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو دۆخی کارەبا لە هەرێمی کوردستان ئاسایی ببێتەوە."