فازڵ میرانی
هەر كەسێك یان هەر لایەنێكی تایبەتمەند و شارەزا، كە دەرفەتی ئەوەی بۆ بڕەخسێت، تا گرنگیی بە ئەرشیفی ئێمە بدات و لێكۆڵینەوە لە هۆكاری كاركردنی فیكری و سیاسیمان بكات، ئینجا بە تەنیا بووبین یان لەگەڵ هاوبەشەكانمان، دەیان ساڵ لە خەبات و تێکۆشانی دژوار دژی لایەنێکی سەرسەخت و لە پێناوی ئامانجێکی سەخت دەبینێت، ئەگەریش دادپەروەریی بکاتە پێوەر، بە ئاسانی بۆی دەردەکەوێت کە هۆكار و پاڵنەری ئێمە بریتی بووە، لە هاووڵاتیبوونێك، كە لە سایەی دەوڵەتێکی دامەزراوەیی ڕاستەقینەدا، ماف و شكۆی هاووڵاتی پارێزراو بێت.
هەرگیز خەبات و قوربانیدان کارێکی ئاسان نییە، بەڵكو بڕیار و هەڵوێستێکە، کە مەترسیی بەردەوام و لەناكاوی لەسەرە، بەتایبەتی لەو ڕژێمانەدا کە ئۆپۆزسیۆنبوون بە تاوان دەزانن و چوارچێوەی سزادانیان لێ فراوانتر دەکەن، بەڵام ئێمە، لە سایەی باوەڕی پتەو و ویژدانی ئاسوودە و ویستی پۆڵایینماندا، لە بڕیارە گەورەکەماندا نەشڵەژاین و وێنەی ئەو نموونە باڵایەی لەبەرچاوماندا بوو، هەرگیز نەلەرزی.
لای ئێمە، "بارزانی" ئەو مرۆڤە بوو و هەرواش دەمێنێتەوە، کە تەنیا بڕیاری لەسەر ئەوە دەدا، دەبێت بارودۆخی عیراق و عیراقییەکان، كوردستان و کوردستانییەکان چۆن بێت، دوور لە حومكڕانییەكی گرژ و سەنگەر لێگرتنی زیانبەخش، هەروەها بڕیاری لەسەر ئەوە بوو کە دەبێت ڕێڕەوی حوکمڕانی ڕاست بکرێتەوە، پەیوەندیی نێوان حاکم و مەحکووم هاوسەنگ بكرێت و ئەو پەیوەندییەش بە ڕێوشوێنی دەستووریی و بنەما یاساییە باڵا و دادپەروەرانەکان بپارێزرێت.
جۆرێک لە تێنەگەیشتن، پەردەپۆشكردن و پاشماوەی تێگەیشتنی هەڵە سەبارەت بە کاری سیاسیی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی هەیە، کە تا ئێستایش لە هەوڵەکانیدا بەردەوامە، هۆکاری ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەڵمەتە چڕانەی ڕابردوو و ئەو پڕوپاگەندە درۆیینانەی، کە خەڵکی پێ چەواشە دەکرا و دەکرێت، بۆ ئەوەی سەرنجیان لەسەر مافەکانیان لابدەن.
پێشتر دامودەزگای گەورە زۆر هەوڵیاندا بۆ ترساندنی عێراقییەکان لە دژایەتیکردنی ئاراستەکانی دەسەڵات، ئەنجامەکانیش کارەساتبار بوون، سێ جەنگ، گەمارۆی ئابووری، پێش ئەوانە و لەكاتی ئەوانیشدا هەڵمەتەکانی ئەنفال و کیمیاباران، وشککردنی زۆنگاوەکان، ڕاگواستن و كۆچپێكردن و لێ وەرگرتنەوەی ڕەگەزنامە.
لەگەڵ هەموو ئەمانەیشدا، گێڕانەوەی ئیعتیبار بۆ ئەو ژمارە زۆرەی قوربانییەكان، کە هەندێکیان هێشتا هەر نەناسراون، نەهاتە دی. هۆکارەکەشی خێرایی گۆڕانی ڕووداوەکان بوو، بەتایبەت لە گۆڕانکارییە گەورەکەی ساڵی 2003 ـو ئەو توندوتیژی و بێسەروبەرییەی، كە دواتر لە غیابی چاودێریدا سەریانهەڵدا.
لە هەموو بۆنە و کۆبوونەوەیەکی نیشتیمانیدا ئەوەم دووپات كردۆتەوە، کە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستییەکان لەکاتی جێبەجێکردنی ئەرک و بەرپرسیارێتیدا، کارێکی زۆر گرنگە، بەتایبەت ئەگەر پلانێکی واقیعی و کاریگەری بۆ ڕاستکردنەوە لەگەڵدا بێت.
هەموومان لەنێو یەک کەشتیداین، کە بەرگەی ئەوە ناگرێت بە ئەنقەست زیانی پێ بگەیەندرێت، هەموو پارچەکانی ئەم کەشتییە (تاک، کۆمەڵ، خاک و ئاسمان) ئەمانەتن و بەرگەی ئەوە ناگرن لەسەر بنەمای پاداشتكردن پۆستەکان بکرێنە دەستکەوت، هەروەها بەرگەی ئەوەیش ناگرێت کە چینێك پێكبهێندرێت و داوای پابەندبوون بە شتێکەوە بکات، لە كاتێكدا ئەو چینە خۆی یان هەندێک لەوان، پێیەوە پابەند نەبن.
تاکی عێراقی، تاکێکی هەمەجۆرن، لە نەوە و ڕەگەز و بیرکردنەوەدا، دەبێت مافی خۆیان هەبێت و ئەرکی دەسەڵاتیشە بەرلەوەی هەر ئەرکێکی بەسەردا بسەپێنێت، هەموو مافەکانی پێ ببەخشێت.
بنیادنانی تاک، بناغەی بنیادنانی دەوڵەتە، لە دۆخێکی وەک هی ئێمەدا، ئەمە یەکەمین دەزووی متمانەیە، کە دەبێت درێژ بکرێتەوە تا ببێتە پەتێکی پتەوی متمانە، هەر بۆیەش هەموو هەنگاوێكی ئێمە لەسەر بنەمای ڕزگاریی و ئازادیی چڕ بۆتەوە، ئازادییەک، کە هۆشیاری سەبارەت بە ڕۆڵ و بڕیاری دروست و پێکانى ئامانجی لێ بکەوێتەوە، بە پێچەوانەوە کاتێک دەسەڵاتداران بە تەنیا مانەوە، زۆرینەی کۆمەڵگە تووشی زیانێکی گەورە بوو، چونکە ئەو دەسەڵاتانە خەریکی خەونە نامۆ و شێواوەکەیان بوون بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی پۆڵایین، کە لە یەکەم ڕووبەڕووبوونەوەدا لەگەڵ هێزە کاریگەرەکانی جیهان، توانەوە.
بەگوێرەی دید و کاری ئێمە، لە پێناوی تاک و دەوڵەتدا، تاک و کۆمەڵ خۆیان گەرەنتیی سەرەکین، لەو شوێنەی ژیانێکی هاوبەشی ئارام و هاووڵاتیبوونی شكۆدار و هەلی کاری پێویست هەبێت، بە پێچەوانەوە بەرەو زیانگەلێکی نوێ دەڕۆین، کە چیتر کۆمەڵگە بەرگەیان ناگرێت.
و: لە عەرەبییەوە: سەردار حوسێن