Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نێچیرڤان بارزانی بۆ کادیران: ئێوه‌ نوێنەر و سیمای پارتین لەناو جەماوەردا و داینەمۆی کاری پارتایەتین

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٥/١١/٢٤ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، لە ھەولێر لەگەڵ قوتابیانی خولی بیستەم و بەرپرس و دەستەی کارگێڕی پەیمانگەی پێگەیاندنی کادیرانی پارتی دیموکراتی کوردستان، کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا پیرۆزبایی لە قوتابیان کرد بۆ وەرگرتنیان لە پەیمانگەی پێگەیاندنی کادیران. ھەروەھا ڕۆڵی پەیمانگەی بەرز نرخاند کە وەک یەکێک لە دامەزراوە ڕەسەن و گرنگەکانی پارتی، ھەر لە سەردەمی شۆڕشەوە، تا ئەمڕۆ لە ھەموو دۆخێکدا بەردەوام کادیرانی پێگەیاندووە.

بەڕێز نێچیرڤان بارزانی باسی لە گرنگیی ڕۆڵی کادیران کرد کە نوێنەر و سیمای پارتین لەناو خەڵک و جەماوەردا، لەناو حزب و ڕێکخستنەکانیشدا داینەمۆی کاری پارتیەتی و ژیانی ڕێکخستنن. لەمبارەوە جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە کادیران بەردەوام خۆیان لەگەڵ بیر و پێشکەوتنەکانی سەردەمدا نوێ بکەنەوە و پابەندی دیسپلینی حزبی بن.

بەڕێزیان دووپاتی کردەوە کە زۆر دۆخ و ڕۆژگاری سەخت ڕووبەڕووی پارتی بوونەتەوە، بەڵام دوای زیاتر لە (٧٩) ساڵ ھێشتا بەھێزترین و گەورەترین حزبە، ئەوەش‌ نیشانەی ئەوەیە کە حزبێکی زیندووە. ھەروەھا دووپاتی کردەوە کە پارتی بە دڵسۆزان و کادیرانی بە توانا، ھەمیشە بە زیندوویی دەمێنێتەوە و پێشدەکەوێت.

لای خۆیانەوە بەڕێزان قوتابیان و بەرپرس و دەستەی کارگێڕی‌ پەیمانگە، وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانین بۆ پشتیوانیی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، ھەروەھا دووپاتیان کردەوە کە لەسەر بنەمای فکر و ڕێبازی پارتی و بارزانیی نەمر، ئەرکی خزمەتکردن بە گەل و نیشتمان جێبەجێ دەکەن. لە کۆتاییدا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دەستخۆشیی لە ئەرک و ماندووبوونی پەیمانگە و مامۆستایان کرد.