سلێمانی-KDP.info- ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دەڵێ، پارتی بەدوو ئاراستە لە بەغدا کاردەکات دەشڵێ، لە دوای سەرکەوتنە مەزنەکەی پارتی لە پرۆسەی ھەڵبژاردن یەکەم ھەنگاوی پارتی پێش ئەوەی بچینە بەغدا ئەوەیە نێو ماڵی کورد رێکبخرێتەوە.
د. ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و یاریدەدەری مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی - هەڵەبجە - ڕاپەڕینی پارتی، تایبەت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان باس لە دوای سەرکەوتنە مەزنەکەی پارتی لە پرۆسەی ھەڵبژاردن دەكات و دەڵێ، "لەدوای سەرکەوتنە گەورەکەی پارتی لە پرۆسەی ھەڵبژاردن یەکەم ھەنگاوی پارتی پێش ئەوەی بچینە بەغدا ئەوەیە نێو ماڵی کورد رێکبخرێت، واتە کورد بە یەکگرتوویی بچنە بەغدا بۆ ئەوەی بەھێزبین، بێگومان بەدەست ھێنانی ئەو ژمارە زۆرە دەنگەی پارتی لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق حیسابی بۆ دەکرێت و پارتی لە ناو پرۆسەی سیاسی عێراق ژمارەیەکی گەورەیە.
ئەشواق جاف گوتیشی، "پارتی بەدوو ئاراستە لە بەغدا کاردەکات لە چوار ساڵی داھاتوو داواکاریەکانی ئێمەش لە کارنامەی حکوومەتی نوێ جێیان دەکرێتەوە، ئاراستەی یەکەم ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنە، چونکە ئەو یاسایەی ئێستا ھەیە و پرۆسەی ھەڵبژاردنی پێ ئەنجامدرا یاسایەکی عادیلانە نیە و پێویستی بە ھەموارکردنەوە ھەیە، ھەروەھا دامەزراندنی ئەنجوومەنی باڵای فیدڕاڵی و دەرکردنی یاسای نەوت و غازە، ھەروەھا جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق ھەمیشە یەکێک بووە لە داواکاریەکانی پارتی و گەلی کوردستان.
یاریدەدەری مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی - هەڵەبجە - ڕاپەڕین ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، "پلانێکی دیکەی بەرنامەی پارتی بۆ قۆناغی داھاتوو داکۆکی کردنە لە مافە دەستووری و یاسایەکانی خەڵکی کوردستان لەوانەش دابینکردنی بەشە بوودجەی ھەرێمی کوردستان و گەرەنتیکردنی شایستە داراییەکانی فەرمانبەران و کەسوکاری شەھیدان و زیندانی سیاسی و ھەر مافێکی دیکەی ھەبێت.
قائید میرۆ