هه‌ولێر-KDP.info- به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی بازرگانیی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێ، له ئاینده‌یه‌كی زۆر نزیكدا پرۆسه‌ی تۆماركردنی هاووڵاتیان به‌ڕێوه ده‌چێت بۆ به‌ئه‌لیكترۆنیكردنی فۆڕمی خۆراك و ده‌شڵێ، 300 هەزار هاووڵاتی تا ئێستا خۆیان تۆمار نه‌كردووه.
حوسێن سه‌بری، نوێنه‌ری وه‌زاره‌تی بازرگانیی هەرێمی کوردستان له به‌غدا، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگه‌یاند، له ماوه‌ی سێ مانگدا پرۆسه‌ی به‌ئه‌لیكترۆنیكردنی فۆڕمی خۆراك به‌ڕێوه‌چوو، به‌ڵام به‌هۆی هه‌بوونی چه‌ندین كێشه له سیسته‌می خۆتۆماركردن ئێمه گله‌یی خۆمان گه‌یانده به‌غدا و بۆ ماوه‌ی چەند ڕۆژێک پرۆسه‌كه درێژ كرایه‌وه، له ئێستادا 300 هه‌زار هاووڵاتیی هه‌رێمی كوردستان خۆیان تۆمار نه‌كردووه و پێنج ملیۆن زیاتر هاووڵاتیش خۆیان تۆمار کردووه، له ماوه‌یه‌كی نزیكدا له ڕێگه‌ی وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازیی هه‌رێمی كوردستان جارێكی دیكه سیسته‌می خۆتۆماركردن كارا ده‌كرێته‌وه.
به‌رپرسه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی بازرگانی گوتیشی، له هه‌ر چوار پارێزگاکەی هه‌رێمی كوردستان ده‌ست به تۆماركردنی هاووڵاتیان ده‌كرێته‌وه، به‌ڵام له قۆناغی یه‌كه‌مدا منداڵی یه‌ك ڕۆژی تا دوازده ساڵی ده‌توانن خۆیان تۆمار بكه‌ن، کە به شێوه‌یه‌كی ئۆنلاین تۆمار ده‌كرێن.
حوسێن سه‌بری ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد، له قۆناغه‌كانی داهاتوودا ئه‌و هاوسه‌رانه‌ی لێك جیابوونه‌ته‌وه تۆمار ده‌كرێن و دواتریش ده‌ست به گواستنه‌وه‌ی ناوی هاووڵاتیان ده‌كرێت، واته به چه‌ند قۆناغێك هه‌موویان تۆمار ده‌كرێن، بۆ نموونه ئه‌وانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌گه‌ڕێنه‌وه و خۆیان تۆمار نه‌كردووه، تۆمار ده‌كرێن.
قائید میرۆ