Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فارس عیسا بۆ KDP: چارەسەری دارایی نێوان ھەرێم و بەغدا بە سێ بابەتەوە گرێ دراوە

بەغدا-KDP.info- سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا دەڵێ، لە نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بەغدا رێککەوتن کراوە، کە لە سێ خاڵ پێکدێت و حکوومەتی ھەرێمیش پابەند بووە، بەڵام بەغدا رێککەوتنەکە جێبەجێ ناکات، بۆیە پێویستە بەغداش پابەند بێت، بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکرێن.

فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، سیاسەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە، لەگەڵ بەغدا سیاسەتێکی سەقامگیرمان ھەبێت و لە ڕێگەی گفتوگۆوە کێشەکان چارەسەر بکرێن و گرفتەکان ئاڵۆز نەکرێن، بۆیە بەردەوام ھەوڵ دراوە کێشەکان چارەسەر بکرێن، بەڵام بەداخەوە ئەو ئیرادەیەی لای حکوومەتی ھەرێم ھەیە، لای بەغدا نییە و سەرۆکی حکوومەت سەرەتای دەستبەکاربوونی لە کابینەی نۆیەمدا، سەردانی بەغدای کرد و ئەمەش نامەیەک بوو بۆ بەغدا بۆ ئەوەی چارەسەری کێشەکان لەسەر بنەمای یاسا و دەستوور بکەن، بۆیە بەردەوام سەردانی بەغداش کراوە لە ڕێگەی شاندەکان و بەغدا وەکو پێویست مامەڵەی نەکردووە و کاتیان کوشتووە و ھەوڵیان داوە ھەرێمی کوردستان لاواز بکرێت.

هەر پەیوەست بە ڕێککەوتنەکان لەگەڵ بەغدا، فارس عیسا ئاماژەی دا، لە ھەموو کابینەکاندا ڕێککەوتن کراوە بۆ ئەوەی بەپێی ئەو ڕێککەوتنە مامەڵە بکرێت و لەسەر بنەمای دەستوور جێبەجێ بکرێت، بەڵام بەداخەوە بەغدا ڕێککەوتن جێبەجێ ناکات، چونکە ئێمە بەردەوام جەخت لە جێبەجێکردنی دەستوور دەکەینەوە و پێویستە ڕێز لە دەستوور بگرن، بەڵام لای بەغدا ئیرادە نەبووە جێبەجێی بکەن و نایانەوێت پابەندی جێبەجێکردنی ڕێککەوتن و دەستوور بن، بۆیە لە کابینەی (سوودانی)یش ڕێککەوتن لە ھەموو بوارەکاندا کراوە، بەڵام دیسان ئەوان پابەندی ڕێککەوتن نەبوونە، لەوانە ڕێککەوتنی ئابووری و ئەمنی و ڕێککەوتنی شنگال و ماددەی ١٤٠، ئەوانە ھیچی جێبەجێ نەکراون.

ناوبراو هەروەها باسی لەوەش کرد، چارەسەری کێشەی دارایی لە نێوان ھەرێم و بەغدا بە سێ بابەتەوە گرێ دراوە، ئەوانیش بریتین لە پرسی نەوت کە دەست بە ھەناردەکردنەوەی کراوە و بابەتی داھاتی نانەوتی، کە ھەریەکەمان پاکێجێکمان ئامادە کردبوو و ڕەوانەی ئەنجوومەنی دەوڵەت کرا لەوێ پشتیان بە پاکێجی حکوومەتی عێراق بەست و ھیچ ڕێز لە پاکێجی ئێمە و ڕای ئێمە نەگیرا و ھەموو داھاتی نانەوتی بە داھاتی ئیتیحادی حیساب کرا، هەروەها بابەتی ھەژماری منیش حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پابەند بووە، بۆیە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەمیشە پابەندی ڕێککەوتنەکان بووە و مانگانەش ١٢٠ ملیار دینار ڕەوانە دەکرێت و یاسای بودجەش ھەیە و کارایە لە ١/١/٢٠٢٥ تاوەکو کۆتایی ساڵ کاری پێدەکرێت، بۆیە مامەڵەیەکی سیاسی لەگەڵ ھەرێمی کوردستاندا دەکرێت.

سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا دەشڵێت، تاوەکو کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا چارەسەر نەکرێن، سەقامگیری لە عێراق بوونی نابێت، بۆیە پێویستە ئێمە تەنیا بەشدار نەبین و شەریکی ڕاستەقینە بین لە عێراق، بەڵام ئەوان بەو شێوەیە مامەڵە ناکەن، بۆیە گرنگە کورد یەکدەنگ بێت بۆ ئەوەی بتوانین وەکو پێشووتر دەستکەوتمان ھەبێت، چونکە دەستکەوتەکان بە یەکڕیزی بەدەست دێن، بۆیە پێویستە ئەمجارە بە یەکڕیزی بچینە بەغدا ئەگەر بمانەوێت دەستکەوتمان ھەبێت.

 

بڵند ئیبراھیم