Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

رێبەر ئەحمەد: گەنجەکانمان گەورەترین سەرچاوەی هێزی کوردستانن

ھەولێر-KDP.info- وەزیری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پەرە بە بەرنامەی خوێندن دەدەن تاوەکو لەگەڵ سەردەم بگونجێت و بە دەرچووانی زانکۆکانیشی ڕاگەیاند، "دەرفەتی کار چاوەڕێی کەسی زیرەک و بەتوانایە."

ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٣ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، ئاھەنگی خولی ٤٤ـەمینی زانکۆی سەڵاحەدین بۆ دەرچووانی قۆناخی کۆتایی ھەردوو خولی یەکەم و دووەم بۆ ساڵەکانی ٢٠٢٤-٢٠٢٥ بەڕێوەچوو.

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، کە بە نوێنەرایەتیی مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان ئامادەبوو، لە گوتارێکدا ڕایگەیاند، "خوێندن و پەروەردە بەھێزترین ئامرازن بۆ سەرکەوتن و پێشخستنی کوردستان؛ گەنجەکانمان گەورەترین سەرچاوەی ھێزی کوردستانن."

لە وتارەکەیدا رێبەر ئەحمەد، گوتی، "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە گرنگیدان بە کەرتی پەروەردە و زانکۆکان؛ ئەمەش لە پێناو بنیاتنانی ژێرخانێکی ئابووریی بەھێز کە دەرفەت بۆ گەنجەکانمان بڕەخسێنێت، برەو بە تواناکانیان بدەن بۆ بەشدارییەکی کارا لە پڕۆسەی گەشەپێدان و کاروانی ئاوەدانیی کوردستان، بەتایبەتی زانکۆکان کە ناوەندێکی گرنگی بەرھەمھێنانی زانست و مەعریفەن؛ نابێت تەنیا شوێنێک بن بۆ بەدەستھێنانی بڕوانامە، بەڵکو دەبێت رۆڵێکی گرنگیان لە گەشەپێدانی ھەرێمی کوردستان ھەبێت و ناوەندێک بن بۆ پێگەیاندنی نەوەیەکی ھۆشیار، زانا و سەرکردەکانی داھاتوو."

وەزیری ناوخۆ جەختیشێ کردەوە، "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەستی بە ھەنگاوی جیدیی چاکسازی لە سیستمی پەروەردە و زانکۆکاندا کردووە، بۆ ئەم مەبەستەش دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوەکان و پڕۆگرامی پەروەردە و خوێندنی باڵای دروست کردووە."

لەبارەی ئامانجی دەستکەوتەکەوە، رێبەر ئەحمەد گوتی، "بۆ دانانی کۆمەڵێک پێوەر و ستانداردی کارای نێودەوڵەتیی یەکگرتووە بۆ خوێندن و پڕۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە ھەرێمی کوردستان، ئەمەش بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی کوالێتیی زانستیی ناوەندەکانی خوێندن و زانکۆکانی کەرتی تایبەت و گشتییە و رێکخستنەوەی پڕۆسەی چاودێریکردن و پێداچوونەوەیە و پشتوانیکردنی ھەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵایە."

وەزیری ناوخۆ گوتی، "یەکێکی دیکە لە ئامانجەکانمان پەرەپێدانی بەرنامەی خوێندنە بۆ ئەوەی لەگەڵ پێداویستییەکانی ئەم سەردەمە بگونجێت و دەرچووانی زانکۆکان بە شێوەیەک ئامادە بکرێن و پێبگەیێندرێن کە فێری ئەو زانست و پسپۆڕییە بن کە بۆ ھەرێمی کوردستان پێویستن و پێداویستییەکانی ئەمڕۆی بازاڕ دابین دەکەن."

لەبارەی ھەلی کارەوە، رێبەر ئەحمەد بە دەرچووانی گوت، "دەرفەتی کار بۆ ئەو کەسانەیە کە زیرەک و بەتوانان، کەرتی تایبەت چاوەڕێی پێشنیاز و داھێنانتانە."

زانکۆی سەڵاحەدین ١٧ کۆلێژ و ٩٠ بەشی ئەکادیمیی ھەیە، بەڵام ئەم ساڵ ١٥ کۆلێژ و ٨٣ بەشی ئەکادیمی ئاھەنگی دەرچوونیان گێڕا.

لەم خولەدا ١,٩٥٠ قوتابیی خوێندنی باڵا و ٥,٠٣٢ قوتابیی بەکالۆریۆس بڕوانامەیان پێ دەدرێت.