Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

حكوومه‌ت له‌ جێبه‌جێكردنی پشتێنه‌ی سه‌وزایی هه‌ولێر هه‌شت ئامانجی گرینگ ڕاده‌گه‌یه‌نێت

ھەولێر-KDP.info- حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەشت ئامانجی گرینگی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی ھەولێر ڕادەگەیەنێت کە ماوەیەکە دەستی بە جێبەجێکردنی کردووە.

لەم پڕۆژەیەدا شاری ھەولێر بە پشتێنەیەکی سەوزایی و ڕووەکی بە پانیی دوو کیلۆمەتر و درێژیی ٧٨ کیلۆمەتر دەور دەدرێت، نزیکەی حەوت ملیۆن داری زەیتوون و فستقی لێ دەچێنرێت و ئەو جۆرە دارانەش، ھەڵبژێردراون کە لەگەڵ کەشوھەوای شارەکە دەگونجێن و توانای بەرگەگرتنی وشکەساڵییان ھەیە، وەک بەربەستێکی سروشتیی ژینگەیی گرینگ کار دەکەن کە ھەوای ھەڵگری پیسکەر و تۆز بۆ ناو شار کەم دەکەنەوە، بەھۆیەوە لانی کەم ھەشت ئامانج بەدی دەھێنرێن.

کەمکردنەوەی پلەی گەرمیی شار، یەکێکە لە ئامانجەکانی پڕۆژەکە و باری کەشوھەوا لە ناو شار بەھۆی پڕۆژەکە باشتر دەبێت، ھەڵمژینی گازە پیسکەرەکانی وەک دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و ئۆکسیدەکانی نایترۆجین و لابردنی گەردیلە وردەکان، یەکێکی تر دەبێت لە ئامانجەکانی ئەم پڕۆژەیە.

باشترکردنی تەندروستیی گشتی و کوالێتیی ژیان و دابینکردنی ڕووبەری سەوز بۆ چالاکییە وەرزشی و کاتبەسەربردنەکان، کەمکردنەوەی نەخۆشییە پێوەندیدارەکان بە پیسبوون دەرەنجامێکی تری ئەو پڕۆژەیەن.

حکوومەت ئامانجێکی تری بۆ ئەو پڕۆژەیە ڕاگەیاندووە کە بریتییە لە پاراستنی سیستەمە ژینگەییەکان، پڕۆژەکە بەشداری دەکات لە بەرەنگاربوونەوەی بە بیابانبوون و چەسپاندنی خاک و پاراستنی ڕووەکەکان، لەگەڵ بەھێزکردنی ھەمەجۆریی بایۆلۆجی.

پشتیوانیکردنی ئابووریی ناوخۆیی لە ڕێگەی دروستکردنی ھەلی کاری بەردەوام لە بوارەکانی کشتوکاڵ، چاککردنەوە و بەبازاڕکردن ئامانجێکی تری پڕۆژەکەیە.

بەپێی مەزەندەکان، پڕۆژەکە توانای ھەیە ساڵانە لە نێوان ١٤٠ ھەزار بۆ ٢١٠ ھەزار تۆنCO٢ کەم بکاتەوە. لە پاڵ سوودە ژینگەیی و کەشوھەواییەکان، پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی، بەشێوەیەکی بەرچاو بەشداری لە باشترکردنی کوالێتیی ھەوادا دەکات، ھەروەھا بەڕێوەبردنی ئاو و خاک بەھێز دەکات لە ڕێگەی گۆمی دەستکرد و تەکنەلۆجیای ئاودێریی زیرەکەوە.

پێویستە بگوترێ پڕۆژەکە پشتگیریی ڕاستەوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی بەدەست ھێناوە و بە سەرپەرشتیی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەت، جێبەجێ دەکرێت. جگە لە حکوومەت، چەندان لایەنی نێودەوڵەتی و کۆمەڵگەی ناوخۆیی لە جێبەجێکردنیدا بەشدارن.

بەگوتەی حکوومەت، پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی لە ھەولێر لە تەنیا دەستپێشخەرییەکی دارچاندن زیاترە، گۆڕانکارییەکی ستراتیجییە بەرەو شارێکی سەوزتر، تەندروستتر و بەردەوامتر.