ھەولێر -KDP.info- گوتەبێژی یەکێتی خانەنشینانی ھەرێمی کوردستان گوتی، پرۆسەی بە ئەلکترۆنیکردنی مووچەی خانەنشینان لە پڕۆژەی ھەژماری من، دەستی پێکردووە و زیاتر لە ٣٠٠ھەزار خانەنشین لێی سوودمەند دەبن، ئەمەش ھەنگاوێکی زۆر باشە و کۆتایی بە نۆرەگرتنی خانەنشینان بۆ مووچە دێت."
سادق عوسمان، گوتەبێژی یەکێتی خانەنشینانی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی "بەئەلکترۆنیکردنی مووچەی خانەنشینانی ھەرێمی کوردستان، ڕەنجی چەند ساڵەی ئێمەیە، چەند ساڵێکە پێویست بوو ئەو کارە بکرێت، چونکە بەھۆی نۆرەوەرگرتن لە ساڵیڕابردوو حەوت کەس گیانیان لەدەست داوە، بۆیە ئەمە ھەنگاوێکی زۆر باشە مووچە بەئەلکترۆنی بکرێت، خانەنشینانیش زۆری بەو ھەنگاوە خۆشحاڵن."
سادق عوسمان گوتیشی "ئێستا ژیان بەرەو ئەوە دەڕوات ھەموو کارەکان بەئەلیکترۆنی بکرێن، ئێستا کە دەستی پێکردووە پیرۆزبایی لە خانەنشینان دەکەین، پێمان خۆشە بەزوویی تەواوبێت و کۆتایی بە نۆرەگرتن بۆ مووچە بێت، ئێمەش خۆمان چاودێریی دەکەین و ھانی خەڵک دەدەین بەشداری بکەن، ئەمە کارێکی باشە و زیاتر لە ٣٠٠ھەزار خانەنشین بە سەربازیی و مەدەنی لێی سوودمەند دەبن."
دەشڵێت "پێمان خۆشە زەمانەتێک بۆ مووچە ھەبێت و مووچە نەفەوتێت، ئەگەرنا ھیچ حەزمان بە چارەی عێراق نیە و پێمان خۆشە لە ھەرێمی کوردستان ھەموو کارەکان بکرێت، بۆ ئەوەی متمانە دروست بێت و مافی خەڵک بگاتە دەستی خۆی و نەفەوتێت، ئەوە زەمانەت و ئاسانکاری بۆ خانەنشینان تێدایە، بۆیە پێمان خۆشە تەواو بکرێت و مووچە بە ئەلکترۆنی وەربگرن."
بڵند ئیبراھیم