هەولێر-KDP.info- د. چنار سەعد عەبدوڵڵا، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، پارتی لەم هەڵبژاردنەدا كە زیاتر لە یەك ملیۆن دەنگی تێپەڕاند، شكستی بە پیلانی نەیاران هێنا و بەهێزتریش هاتووەتە مەیدانی سیاسی و حكومڕانی و لە ئایندەدا بێگومان ئەم متمانەبەخشینەوەیەی جەماوەر، ئەركی پارتی قورستر دەكات، بەڵام پارتیش بەهێزتر بەرگری لە داواكاریهكانی كوردستانیان دەكات.
د. چنار سەعد عەبدوڵڵا، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە لێدوانێكی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، هەموو هەوڵەكانی نەیاران و ڕكابەرەكانی ئێمە لە ساڵانی ڕابردوودا بەداخەوە تەنانەت بەشێكی لە ناوخۆی هەرێمیش هاوكاریی ئەم تەوژمەیان دەكرد كە فشار لەسەر خەڵكی هەرێمی كوردستان دروست بكەن، خەڵك برسی بكەن و ژیانی خەڵك تووشی نەهامەتی ببێت، بە مەبەستی ئەوەی كە ئەو خەڵك و جەماوەرە دژی پارتی هان بدەن و پارتی پێ بشكێنن، بەڵام بەم تەوژم و بەم پیلانە، كە پیلانێكی زۆر ناشرین و نائینسانی بوو، نەیانتوانی خەڵك چەواشە بكەن، چونكە خەڵك زۆر هۆشیارتر بوو لەوەی كە بكەوێتە ژێر كاریگەریی ئەم تەوژمەوە.
د. چنار هەروەها ئاماژەشی دا، خەڵكی ئێمە دەیبینی بڕینی مووچە و میزانییە و دروستكردنی كۆمەڵێك هاشوهوش و شەڕی دەروونی و ڕاگەیاندن، بۆ لێدان لە پارتی و برسیكردنی خەڵك بوو، بەڵام خەڵك هۆشیار بوو و توانی ڕاستی و ناڕاستییەكان لێك جیا بكاتەوە، زانییان كێ هۆكاری ئەوەیە و دەشیانبینی ئەو تەحەددیاتانەی كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەیكرد، بۆ ئەوە بوو ئەم زەختە و كاریگەریی ئەم پیلانە و نەهامەتییەكان لەسەر خەڵك كەم بكاتەوە،حكوومەتی هەرێم بەتایبەتی سەرۆكوەزیران بەڕاستی تەحەددیاتێكی زۆر گەورەی كرد و ڕووبەڕووی ئەوە بووەوە ئەگەرچی میزانیەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان چەند ساڵە بڕاوە، بەڵام هەوڵی دەدا بە جۆرەها تەكنیك و ئالیەت هەرچەندە هەندێكجار قورسیش دەبوو لەسەر هاووڵاتیان، بەڵام داهاتێك بۆ خەڵكی كوردستان دابین بكات، هەروەها پڕۆژەكان و خزمەتگوزارییەكان بە تایبەتی ئەوانەی سەرەكین، نەوەستن و داهات كۆ بكاتەوە.
چنار سەعد عەبدوڵڵا گوتیشی، كابینەی نۆیەم كەناڵی كۆكردنەوەی داهاتی فراوانتر كرد و ستراتیژی خۆی بۆ دروستكردن و فرەكەناڵی گۆڕی، بۆ ئەوەی تەنیا پشت بە بەغدا نەبەستین و هەروەها حكوومەت گەیشتە ئەو باوەڕەی كە نابێ تەنیا پشت بە سەرچاوەكانی وزە ببەستێت، بەڵكوو پێویستە پەرە بە كەرتی كشتوكاڵ و كەرتی گەشتوگوزار بدات و لەسەر خزمەتگوزارییەكان و بنیاتنانی ڕێگهوبان و چارەسەری گرفتی كەمئاوی كێشەكانی كارەبا بەردەوام بێت، ئەمانە هەمووی تەحەددیاتی زۆر گەورە بوون.
ناوبراو هێمای بۆ ئەوەش كرد، حكوومەتی هەرێم وێڕای هەموو ئەو كێشانەی كە بۆی دروست دەكران، هەمیشە ئەگەر دەرگایەك دادەخرا، دەرگایەكی تری دەكردەوە، ئەگەر كێشە دروست كرابا، هەوڵی دەدا كێشەكان بە شێوازێكی تر چارەسەر بكات، ئەمانە لەناو ئەو هەموو تەحەددیاتانە بوون، كە خۆشبەختانە خەڵكی ئێمە بێ ئومێد نەبوون و پشتیوانیی حكوومەتی هەرێمیان كرد، چونكە هەستیان كرد، كێشەی بێئاوی و كێشەی كارەبا چارەسەر كرا، ئێستاش كە دەبینن ڕۆژبەڕۆژ ڕێگهوبانەكان خۆشتر و باشتر دەبن، كە دەبینن حكوومەتی ئەلیكترۆنی زیاتر گەشەی پێ دەدرێت و هتد.. ئەمانە وایان كرد بە پێچەوانەوە ئەوانەی پیلانیان بۆ ئەوە دادەنا خەڵك هان بدەن دژی حكوومەت، بەتایبەتی دژی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ ئەوەی بە خەیاڵی خۆیان خەڵك ئیتر پشت لە پارتی دەكات و دەنگی پێ نادات، ئیتر ئەم جارە لەم هەڵبژاردنەدا پارتی دەبێتە حزبی دووەم و سێیەم هتد... خەڵك هۆشیارتر بوو و پشتیوانی لەو ئومێد و هێزە كرد، كە دەیتوانی تەحەددا بكات و ڕووبەڕووی قەیرانەكان بوەستیتەوە و كوردستان لە قۆناغێكەوە بباتە قۆناغیكی تر.
د. چنار سەعد عەبدوڵڵا، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەشڵێ، ئەمە بووە هۆكاری ئەوەی كە قاعیدەی جەماوەریی پارتی لەم هەڵبژاردنەدا ملیۆن دەنگی تێپەڕاند، بۆیە نەك هەر ئەم پیلانانە سەرنەكەوتن، بەڵكو شكستیان هێنا و پارتی بەهێزتر هاتووەتە مەیدانی سیاسی و حكومڕانی و لە ئایندەدا بێگومان ئەم متمانەبەخشینەوەیەی جەماوەر، ئەركی پارتی قورستر دەكات، بەڵام پارتیش بەهێزتر بەرگری لەو میللەتە و لە داواكارییەكانی دەكات.
چنار خۆشناو