Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لە کۆربەندی MEPS چی ڕوویدا

رێباز حەملان

سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم، کاک مەسروور بارزانی لە دھۆکی قەشەنگ و ئارام دوای ململانێ و ھەڵمەتی ھەڵبژاردن، توانی تەواوی بۆچوون و ڕکابەرە جیاوازەکان لە شەشەمین کۆربەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە ‘’MEPS‘’ کۆبکاتەوە.

 

ڕۆژی یەکەم:

مێپس بووە وێستگەی کۆبوونەوەی گەورەترین کوتلە براوەو سەرکردە سیاسییە کاریگەرەکانی عێراق کە یەکەمجارە بەم شێوەیە ھەمووان پێکەوە ئامادەبوونیان ھەبێت لە ھەرێمی کوردستان، ھەموو لایەنە جیاوازەکان بە شیعەو سوننە و گەورەترین دوو دەسەڵاتی حوکمڕانی عێراق، سەرۆکی وەزیران و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری ئامادەبوون، بەشێکی زۆری وەزیرو پلە باڵاکان و جێگرانی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دھۆک و ھەرێمی کوردستان بوونەوە دەستپێکی بونیادنانی حوکمڕانی و سەردەمێکی نوێ بۆ ئایندەی عێراق و ھەرێمی کوردستان لە دوای ھەڵبژاردنی ٢٠٢٥/١١/١١. 

لە MEPS عەرەب (شیعەو سوننە)، کوردو تورک و فارس، مەسیحی و ئێزدی و موسڵمان کلدو ئاشوری و تورکمان، ھەمووان بە پێوە وەستان بۆ سروودی نیشتمانی ئەی رەقیب.

پێیان وترا ستەم و زوڵم بۆ ھیچ ڕژێم و سیستەمێک سەری نەگرتووە، جێبەجێکردنی دەستوور، ھاوبەشی، ھاوسەنگی، سازان دەبنە بنەمای پێکەوەژیان بە دادپەروەرانە.

ھەر لە پەراوێزی کۆربەندی MEPS دیدارە گرنگەکانی جەنابی سەرۆک بارزانی و جەنابی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و جەنابی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی عێراق و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەرێوەچوو.

ڕۆژی دووەم:

مێپس بووە ڕووگەی کۆکەرەوەی سەرکردەی پارچەکانی دیکەی کوردستان ئەوەی خەڵکی خەونیان پێوە دەبینی کە ئەو کارەکتەرە سیاسیە کوردییانە کۆبکاتەوە لە مێپس کرا.

بارزانی و کۆبانی و بایدەمیر سێکوچکەی کوردایەتی لەیەک شوێندا کۆبووونەوە.

پشتگیری دووپاتکرایەوە کە ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێداگیرە کە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا کە دەست پێکراوە دەبێت لەسەر ھەنگاوەکانی بەردەوام بێت بۆ سەقامگیری و خۆشگوزەرانی گەلانی تورکیاو بەتایبەت گەلی کورد لە باکووری کوردستان.

کاک مەسروور بارزانی لە مێپس ھەسەدەو ئەنەکەسەی پێکەوە دانیشان و خۆشحاڵ بوو لە مێپس بیروڕا و خاڵە ھاوبەشەکانیان باس بکەن، حکوومەتی ھەرێم پشتیوانە لەو ھەنگاو و ڕێکەوتن و لێک تێگەیشتنانەی نێوان حکوومەتی دیمەشق و کوردانی ڕۆژاڤا کە کراوە تا بگەنە ڕێکەوتن لەپێناو سەقامگیری و پێکەوەژیانی گەلانی سووریا و دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کورد لە ڕۆژاڤا بە شێوەیەکی ئاشتیانە.

ھەردوو سەرکردە جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی و عوسمان بایدەمیر لە وتارەکانیان ئەم ڕاستیانەیان سەلماند و سوپاس گوزاربوون بۆ ئەم کۆربەندە گرنگەی کە ھەموو لایەنە ناکۆک و ھەموو جەمسەرەکانی کۆکردەوە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست.