Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

گفتوگۆی ژمارەی کورسییەکان

فازڵ میرانی

من سوورم لەسەر نووسینێکی بێلایەنانە و زانستییانە، چاوەڕوانی تێگەیشتنی لایەنی بەرامبەریشم.

ھەڵبژاردنی ناونیشانی (گفتوگۆی ژمارەی کورسییەکان) ئامانج و ناوەڕۆکەکەی ئەوەیە: ئایا کێشەکانی عیراق تەنیا سیاسیین، کە بارگرانیی دەخەنە سەر دەسەڵاتی جێبەجێکردن؟ یان کێشەکانی عیراق ھەمیشە ئامادەییان ھەیە، ئینجا کورسییەکان زیاد بکەن، کەم بکەن، یاخود ھەر نەمێنن.

بە واتایەکی نزیک و ڕوونتر، ئایا ئەو باوەڕە ھەیە، کە پشت بە ئەنجوومەنی نوێنەران ببەسترێت بۆ ئەوەی ببێتە ناوەندێکی کاریگەر، بۆ یاسادانانی دەستوورییانە و چاودێرییەکی ڕاستەقینەی ئەو ماددە دەستوورییانە بکات، کە پەکخراون؟ 

نموونەیەکی مێژوویی بۆ ئێمە و بۆ غەیری ئێمەش لە ئۆپۆزسیۆنی عێراقی ھەیە، کە مەبەستم ئەنجوومەنی نوێنەرانە نەک دەسەڵاتی پێشوو، ھەروەھا لەگەڵ تێگەیشتنی من و کەسانی تریش بۆ کارکردنی ئەنجوومەنی نوێنەران لە ڕژێمی پێشوودا، دەڵێم: نە ئێمە و نە ئەوانەی لەناو ئۆپۆزیسیۆندا ھاوڕێمان بوون، نوێنەرایەتیمان تێدا نەبوو، سەرەڕای ئەوەش نەبوونی ئێمە وەک ھزر و کارکردن لە دەسەڵاتەکانی ڕژێمدا، ئێمەی لە کێشەکانی عێراق دانەبڕی، چونکە ڕژێمی پێشوو و ڕژێمەکانی پێشتریش، ھیچیتر نەبوون جگە لە دەسەڵاتی تایفی یان کودەتاچی، میراتەکەشیان (بە تاک یان بە کۆ) جگە لە میراتێکی خراپ، ھیچیتر نەبوو، کە کاریگەری و درێژکراوەی شوێنەوارەکانی تا ئێستایش ھەر ماوە.

بەڵام کاتێک ڕژێم ڕووخا و سیستەمێکی نوێ ھاتە ئاراوە، بەرپرسیارێتیی یاسایی ناوەندێکی یاسایی دروست کرد، کە دەسەڵات پابەند دەکات بە دەستوور و میکانیزمەکانی و ئەوەیش سەرچاوەی شەرعییەتەکەیەتی، ئەگەرنا، تووشی گێژاو دەبێت، گێژاوێک کە ھۆکارەکەی ھەرچییەک بێت، لە بەرپرسیارێتییە یاساییەکەی نایبوورێت، چونکە پێشێلکردنی دەقە یاسایی و دەستوورییەکان لە نەزانی بێت یان بە ئەنقەست، ئەنجامدەرەکەی لە سزای یاسایی نابەخشێت، مەگەر لە بارودۆخێکی زۆر نائاساییدا بێت.

لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانەوە، منیش یەکێکم لەوانەی چاودێریی شێوازی لێدوانەکان دەکەم، چ لەلایەن براوە تاکەکان بێت یان ھاوپەیمانیەتییەکان، ھەروەھا لەلایەن ناکۆکەکانیشەوە، کە ھۆکارەکەی تەنیا ناسنامەی لایەنەکان نییە، بەڵکو لەناو ئەو بوارەشدا ھەیە، کە دەبوو مەودای ژیاریی ھەر پێکھاتەیەک بێت، کە بەداخەوە لە واقیعدا عێراق دوایین شتە و تەنیا لە بانگەشە و قسەکردندا، لە پێشەوەیە.

ئەگەر گفتوگۆی کورسییەکان، زۆرینەیان ئامانجەکەی ئەوە بێت حکوومەتێکی ھاوبەش پێکبھێنێت نەک بەشداریکردن، حکوومەتێکی خزمەتگوزار بێت بە ئینتیمایەکی عێراقییانەوە، حکوومەتێک بێت کە بەرنامەکەی واقیعی بێت، بێگومان ئەمە باشترین گفتوگۆیە.

بەڵێ، ئێمە ھەموومان پێویستمان بە گفتوگۆیەکی کورسییەکان ھەیە، کە رۆڵی لە ھەڵبژاردنەکە ھەبێت و بەدواداچوون و چاودێریکردنی ھەموو دامەزراوە و جومگەکانی دەوڵەت بگرێتەوە ئەستۆ، تا ھاووڵاتیی عێراقی ھەست بکات لە وڵاتەکەیدا ڕێزی لێ دەگیرێت، ئاسایش و ئارامیی ھەیە، ئێستای مسۆگەرە و دڵنیایە لە داھاتووی، وڵاتەکەی خاوەن سەروەریی تەواوە و ناسنامەکەشی کۆکەرەوەی ھەموو پێکھاتەکانییەتی.

ئەگەر ئەو بەڵێنەی دەدرێت و متمانەی پێکھاتەکانی عێراق بەدەست دەھێنێت، کە فراکسیۆنەکان ناکۆک و دژ بەیەکتری نەبن و ڕیزبەندییەک دژی یەکتر دروست نەکەن، کە دژایەتییەکەی دوور بێت لە ڕۆحی نوێنەرایەتی، ئەوا ئەمە مانای زوڵمکردنە لە دەنگدەر، شێواندنی دەستوورە و زیانگەیاندنی بە ئەنقەستە بە عێراقییەکان و سامانی نیشتیمانییان.

دیاردەی لێدوانە پەردەپۆشکراوەکان بە کلێشەیەکی داڕێژراو نیگەرانم دەکەن، چونکە سەلامەتیی کۆمەڵگە چیتر بەرگەی شتی وەھا ناگرێت، ئەمە دەبێتە ھۆی لەدەستدانی زیاتری متمانەی خەڵک و زەمینە بۆ شۆکبوونێکی وا خۆش دەکات، کە ژیانیان ئازار دەدات.

ئەوانەی دەیانەوێت بە ژمارەی کورسییەکانیانەوە دابنیشن، پێویستە زیاتر کار بکەن نەک تەنیا بەڵێنی بێ کردار ڕابگەیەنن، پێویستە لە قەبارەی بەرپرسیارێتی جێبەجێکردن و یاسادانان تێبگەن و بەراوردی بکەن، تا لەگەڵ پێداویستییەکانی کۆمەڵگەی ھەمەچەشنی عێراقدا بگونجێت.

سەروەری، دۆسیەی ئاو، پەروەردە و تەندروستی، دراو و جووڵەی دراو، چەک، ئاڵەنگارییە ئەمنییەکان و وشککردنی ئەو سەرچاوانەی تاوانیان لێ دروست دەبێت بەھۆی ھەژارییەوە، پەراوێزخستن و گەندەڵییەوە، کە لەلایەن ھێزی ناسراوەوە پشتیوانی دەکرێت.

گفتوگۆی ژمارەی کورسییەکان، ئەو دابەشکارییە سیاسییەی کە بانگەشەی زۆرینەی ژمارەیی دەکات، ئەوانەی ئەم (ناسنامەیە) ھەڵدەگرن، دەبێت لە ڕۆڵی خۆیان تێبگەن لە ھەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی پۆستە باڵاکان، کە خاوەن دەسەڵاتێکی گەورەی بڕیاردانن. 

دەبێت ئەوە بزانن کە ئەوان تەنیا لە پۆستێکی سیاسیی بەتاڵی خاوەن ناسنامەیەکی یەک ڕەھەند نین، کە تەنیا لەناو ژینگەکەی خۆیاندا کارابن و دابڕاوبن لەوانی دیکە، بەڵکو لە پۆستێکی حکوومیی جێبەجێکاریدان، کە پێوەرەکەی لێھاتوویی و تێگەیشتنە لە یاسا و ڕێساکان، ئەرکیشی خزمەتکردنی خەڵکە بە سامانی خۆیان.