Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ڕاگەیاندراوێک لە مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە

ھەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا دەڵێت، لێرە و لەوێ گوێبیست دەبین کە ھەواڵێک ھەیە بۆ دەستوەردان لە ئاکامی ھەڵبژاردن، ئێمە لە مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنین، کە بەھیچ شێوەیەک دەستوەردان و گۆڕینی ئاکامەکانی ھەڵبژاردن بە گشتی و کۆتاکان بەتایبەتی قبوڵکراو نییە.

دەقی ڕاگەیاندراوەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان.

ھاووڵاتیانی بەڕێز...

ھەروەکو ئاگادارن پڕۆسەی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدڕاڵ لە ڕێککەوتی (١١ـی١١ـی ٢٠٢٥) لە کەش و ھەوایەکی دیموکراسیانە و ئازادانە و بە ڕێکوپێکی و شەفافانە ئەنجامدرا و، لیست و قەوارە سیاسییەکان و کاندیدی کۆتاکان بەگوێرەی یاسا بەرکارەکان و ڕێنماییەکان بەشدارییان کرد. کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان دوای ئەنجامدانی ڕێکارە یاساییەکان ئەنجامی کۆتایی بەشێوەیەکی فەرمی ڕاگەیاند. 

ئێستاش لێرە و لەوێ گوێبیست دەبین کە ھەواڵێک ھەیە بۆ دەستوەردان لە ئاکامی ھەڵبژاردن، بەتایبەتی کۆتاکان و گۆڕینی ئاکام و ئەنجامەکان! ئێمە لە مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنین، کە بەھیچ شێوەیەک دەستوەردان و گۆڕینی ئاکامەکانی ھەڵبژاردن بە گشتی و کۆتاکان بەتایبەتی قبوڵکراو نییە و، بە ھێڵی سووری دادەنێین. لە ئەگەری دەستوەردان و گۆڕانکاری لە ئەنجامە ڕاگەیاندراوەکان لەلایەن کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان ھەڵوێستی سیاسی جدیمان دەبێت.

 

مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان

١٨ـی١١ـی٢٠٢٥