فازڵ میرانی
پێشەكی دەبێ سەرنجی ئەوە بدەین، كە هەموو ئەو دەنگانەی بە ئێمە دراون، متمانەیە بە ئێمە، دەنگدەران دەنگیان بە حزبێك داوە نەك هاوپەیمانییەكی حزبەكان، ئەو دەنگانەش بە پارتی دیموکراتی کوردستان دراون، هەروەها، دەبێت ئەوەشمان لەبیربێت دەنگەكان ئەو دەنگانەن، كە یاسای کارپێکراوی هەڵبژاردن سنوورداری کردوون، خۆ ئەگەر یاساکە فراوانتر بووایە و ڕێگەی بدایە دەنگدەران لە هەموو عیراقەوە دەنگمان پێ بدەن، بێگومان کێبڕکێ و ئەنجامەکانیش جیاوازتر دەبوون.
دەشكرێت ئەمە بۆنەیەك بێت بۆ ئاگادارکردنەوەی ئەوانەی بڕیاربەدەستن، کە جگە لە كاتی هەڵبژاردنەكان، وەک ئەوەی لە دەستووردا هاتووە هەرێم نابینن، بەڵام کاتێک دێتە سەر هەڵبژاردن، وەک هەرێمێک سەیری دەکەن بۆ ئەوەی ڕێگری لە دەنگی ئەو کەسانە بکەن، کە لە دەرەوەی هەرێمن و دەیانەوێت دەنگی پێ بدەن.
ئێمە تێدەگەین و پێشبینیش دەكەین، ئەوانیتریش لە وەستان و جووڵەی ژمارەكان تێدەگەن، دەڵێم: جووڵە، چونکە خێرایی و ئاراستەكەیان جیاوازە.
ئەو لیستانەی دەگەنە دەست ئێمە، نیشانی دەدەن، کە چەند کەس مافی دەنگدانی هەبووە و زانیارییەکانی نوێ کردووەتەوە، ئەمە ژمارەیەکە و چەند کەسیش زانیارییەکانی نوێ نەکردووەتەوە، ئەمەش ژمارەیەکی دیكەیە و پرسیارێك دروست دەکات، بۆچی نوێی نەکردووەتەوە؟
كەسانێك هەن زانیارییەکانیان نوێ کردۆتەوە، بەڵام دەنگیان نەداوە، ئەمەش پاڵنەرێكە بۆ ئەو پرسیارەی، ئایا ئەمە بڕیاری وازهێنانە لە مافەکەی یان لەبەر بێ ئومێدبوونە یان لە نەزانییە یان جێبەجێکردنی بڕیارێکی دیاریکراوە، جا چ سەر بە لایەنێکی سیاسی بێت، یان بیروباوەڕێکی ئایدیۆلۆژی، یان لە ترس، یان لەبەر هاوسۆزی بووە؟ هەموو ئەمانە پرسیارن..!
هاوکێشەیەک هەیە کە نیەت و ئامانجی ئەو لایەنانەی پاڵێوراویان هەبووە، ئاشکرا دەکات: ئایا ئامانجیان تەنیا بردنەوەیە بە هەر جۆرێك بووبێت، هەرچەندە لەگەڵ بانگەشەكەیان و داهاتەكانیان و پێگەیاندا نەگونجێت؟ لە بەرامبەریشدا ئەو هێزانە هەن، کە سەرەڕای ئاگاداربوونیان لە شێوازی بەڕێوەچوونی کاروباری دەوڵەت، هێشتا سوورن لەسەر پەیڕەوکردنی ڕێگە دەستوورییەکان.
قەبارەی بانگەشە و بەڵێنەکان لە کوێی ئامانجە بنەڕەتییەکانی هەوڵدان بۆ بردنەوەدان؟ ئایا ئامانجەكە نوێکردنەوەی پرۆسەی سیاسییە، یان ڕەنگدانەوەی ململانێیەکی شاراوەی ناوخۆی ئەو هێزانەیە، کە لە هێزەكانی پێشترەوە لەدایکبوون؟ تەنانەت ئەو هێزە دێرینانەش، ئایا دەیانتوانی ببنە هێزێكی كاریگەر، ئەگەر داهاتەكانی دەوڵەت نەبووایە؟
هاوکێشەیەکی دیکەی گرنگ و مەترسیدار هەیە، كێ لەم هێزانە کاری بۆ ناسنامەیەکی عێراقی گشتگیر کردووە، بیانوویان بە جیاوازیی ئایینی یان تائیفی نەهێناوەتەوە بۆ ئەوەی جەماوەرەکەیان بەلای خۆیاندا ڕابکێشن؟ کامیان ئەوانەن کە بە ئەنقەست خۆیان دابەشکردووە بۆ ئەوەی ڕوو لە چینێكی دیاریکراو بکەن، تاوەكو بە ترس و ئاگاداركردنەوە دەنگی برا نیشتیمانییەكانیان بەدەست بهێنن؟
لەگەڵ ئەوەی کە دەستوور ڕێژەیەکی دیاریکراوی بۆ سەرکەوتنی هەڵبژاردن دانەناوە، کە پەیوەست بێت بە ڕێژەی بەشداریکردنەوە، بەڵام خۆدزینەوەی ژمارەیەکی زۆر لە دەنگدان و لە بەرامبەریشدا، بەشداریکردنی زۆرینەی دانیشتووانی ناوچەیەکی تر لە هەڵبژاردن، مانای چییە؟
بۆ نموونە، ئەگەر وا دابنێین شارێک ژمارەی دانیشتووانەکەی حەوت ملیۆن کەسە و سێ ملیۆنیان مافی دەنگدانیان هەیە، ئەگەر نیوەی ئەم ژمارەیە زانیارییەکانیان نوێ بکەنەوە و لەنێو ئەوانیشدا تەنیا نیوەیان دەنگ بدەن، هۆکاری ئەمە چییە و کێ لێی بەرپرسە؟
لە بەرامبەردا، شارێک کە ژمارەی دانیشتووانەكەی دوو ملیۆن کەس بێت و یەک ملیۆنیان مافی دەنگدانیان هەیە، نزیکەی لە سەدا نەوەدیان بەشداری لە پرۆسەکەدا بکەن. ئەم جیاوازییە گەورەیە نابێت پشتگوێ و پەراوێز بخرێت.
من پێموایە وەڵامەکە لە جیاوازیی نێوان دوو لایەن دایە، لایەنێكیان وەبەرهێنان لە مرۆڤ دەکات بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی دروست بنیادی بنێت، لایەنەكەی دیکەش هەر لە بنەڕەتدا مرۆڤ فەرامۆش دەکات یاخود بە ئەنقەست پشتگوێی دەخات و سەرقاڵی كۆنترۆڵكردنی داهاتەكانی مرۆڤە، بۆ ئەوەی وەبەرهێنانی تیادا بکات و خۆی پێ دەوڵەمەند بکات.
بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
و: لە عەرەبییەوە: سەردار حوسێن