Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سه‌رۆكی ھەرێمی کوردستان، له‌گه‌ڵ باڵیۆزى نوێى كۆریاى باشوور كۆبووه‌وه‌

ھەولێر-KDP.info-  پاشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 2025/11/16 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازیى له‌ به‌ڕێز لى جۆن ئیل، باڵیۆزى نوێى كۆریاى باشوور له‌ عێراق كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا‌ سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى پیرۆزبایى له‌ به‌ڕێز ئیل كرد و هیواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست، هه‌روه‌ها هه‌موو پشتگیرى و هاوكارییه‌كى هه‌رێمى كوردستانى بۆ سه‌رخستنى ئه‌ركه‌كه‌ى، دووپات كرده‌وه‌.

هه‌ردوولا په‌یوه‌ندییه‌كانى كۆریاى باشووریان له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان تاوتوێ كرد و تیشكیان خسته‌ سه‌ر كار و چالاكییه‌كانى كۆمپانیا كۆرییه‌كان له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى، وێڕاى ستایشى په‌یوه‌ندیى له‌مێژینه‌ و هاوكارى و یارمه‌تییه‌كانى كۆریاى باشوور بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، ئاماژه‌ى به‌ ڕۆڵى ڕێكخراوى كۆیكا كرد كه‌ له‌ كه‌رت و بواره‌ جیاكاندا هاوكاریى هه‌رێمى كوردستانى كردووه‌.

له‌ ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ سه‌ركه‌وتنى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق و دۆخى هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌كه‌ به‌گشتى كرا.