Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پسپۆڕێكی هەڵبژاردن بۆ KDP: ناڕەزایی لێكەوتووەتەوە و داوای گۆڕانكاری یاساكە دەكرێت

هەولێر-KDP.info- پسپۆڕی هەڵبژاردن و سەرۆكی پێشووی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق دەڵێ، پێویستە كورد بە گشتی داوای هەمواری یاسای هەڵبژاردن بکەن و دەنگ بە یاسایەك بدەن كە یەكسانی تێدا بێت، چونكە ئەو یاسایەیی ئێستا كاری پێدەكرێت، نادادپەروەریی زۆری تێدایە و هیچ گۆڕانكارییەك لە ئەنجوومەنی نوێنەران ناهێنێتە كایەوە، بۆیە دەنگی ناڕەزایی لایەنەكانی لێكەوتووەتەوە و داوای گۆڕانكاری لە یاساكەدا دەكەن. 

لەوبارەیەوە، سەربەست مستەفا، پسپۆڕی هەڵبژاردن و سەرۆكی پێشووی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "یاسای هەڵبژاردن دەبێت ڕای پسپۆڕانی لەسەر وەربگیرێت تا بۆچوونی خۆیانی لەسەر بخەنە ڕوو. سەرنج بدەن، كاتێك ڕێژەی دەنگدان لە كورستان بەرزە و ڕێژەی كورسی دیاری كراوە، ئەمە وادەكات بەهای دەنگەکانی بەدەستهێنانی كورسی بەرز ببێتەوە.

سەربەست مستەفا دەڵێت: "دەبێ كورد بە گشتی و پارتی بە تایبەتی، داوای هەمواری یاسای هەڵبژاردن بکەن و دەنگ بە یاسایەك بدەن كە یەكسانی تێدا بێت، هەڵبژاردن پرۆسەیەکی تەكنیكییە و دەبێت لە كاتی دانانی یاساكەدا، هەموو جۆرەكانی لایەنی هەڵبژاردن لێكبدرێتەوە لە یەكبازنەیی و فرەبازنەیی، بەڵام ئەم یاسای یەك پۆینت حەوتە عەدالەتی تێدا نییە و زۆرێك لە حزبەكان زیانی لێ دەکەن".

"یاساكە زیانی زۆری بۆ كورد هەیە و لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان دەنگی كورد دەسووتێت، بەڵام ئەگەر بازنەی هەڵبژاردن یەك بازنە بووایە و ڕێژەی دەنگدەریش بەو شێوەیەی ئێستا بووایە، ئەوا پارتی جگە لەو كورسیانەی ئێستای،  كورسی زۆر زیاتری بەدەست دەهێنا". سەربەست مستەفا وای گوت.

 

عەزیز ڕەسووڵ