Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پارتی و ڕکابەرەکانی، چیرۆکی سەرکەوتن و شکست

سالار عوسمان 

دەرازینک

دەزانم، ئێستا زۆرینەی خەڵک بە دیار ژمارە و ژماردنی دەنگەکانەوە دانیشتوون، پەیامەکان دەخوێننەوە و گوێ لە دروشم و هەروەها پەسن و توانجەکان دەگرن، هەندێ ڕازی و هەندێ ناڕازی، کۆی دیمەنەکان و گفتوگۆکانیش بە سۆز و هەڵچوونەکان ڕووپۆش کراون، کەمتر بوار و دەرفەت و دەلیڤەی گفتوگۆ هەیە، گفتوگۆیەک، کە (بیرکردنەوە)مان بۆ دروست بکات و دەستمان بگرێت بۆ (ڕاستبینی)، بەڵێ من مەبەستمە لەم نووسینەدا، یانژی باشتر بڵێم، لەم گفتوگۆیەدا (بیرکردنەوە) پێشکەش بکەم، کە دەشڵێم بیرکردنەوە، لەپێناو ئەوەی بگەینە جۆرێک لە (ڕاستینی).

پارتی و ڕکابەرەکانی

پارتی گەورەترە لە حزبێک، مێژووەکەی قووڵترە لە مێژووی پارتی، سەرۆکەکەی، دوێنێ (مستەفا بارزانیی نەمر) و، ئەمڕۆ (سەرۆک مەسعود بارزانی) گەورەترە لە سەرۆکێک و، جەماوەرەکەشی جیاوازن و فراوانترن، تەنانەت قوربانییەکانیشی، شەهید و ژان هاوار و هەناسەکانیشی جیاوازترن لە هی ئەوانیتر، بۆیە هەموو ئەوانەی لەناو پارتین، دەبێ بە ئیدراکەوە ئەو ڕاستییە بزانن و بشزانن چۆن گوزارشتی لێ دەکەن، چەند بۆ پارتییەکان و ڕێبوارانی ئەم ڕێبازە نیشتمانییە کوردستانییە: (ڕێبازی بارزانی)، زەروورە بە ئیدراکەوە ئەو ڕاستییانە بزانن، ئەوا بۆ ڕکابەرەکانیش بە هەمان شێوە، نایەمە سەر بەشی یەکەمیان: (پارتییەکان)، کە قسەم هەیە لەبارەیانەوە، هەموو قسەکانیشم پۆزەتیڤ نین، بەڵام لێرەدا لەم دەرفەتە کورتەدا دێمە سەر بەشی دووەمیان: (ڕکابەرەکانی پارتی) کە کەم نین و زۆرن، ئەوانیش پێویستە ئەو ڕاستییە بزانن، ئەو ڕاستییەی، کە پارتی گەورەترە، فراوانترە، قووڵترە، بەرهەمدارترە، بەهێزتر و ئایندەخوڵقێنترە لەوەی کە تەسەوڕی دەکەن، بۆیە دەبێ ئەم وێناکردن و تەسەوڕکردنە بگۆڕدرێت، دیارە ئەمەش بەشێکی بە گفتوگۆ دەکرێت، گفتوگۆیەک، کە مەنتیقی پێ بێت نەک ڕق، چونکە بەشێکی زۆری ئەو گفتوگۆیانەی کراون و دەکرێن، لە مونتەڵەقی ڕقەوە دەکرێت نەک مەنتیق، ئەمەش نەیتوانیوە (بیرکردنەوە) بخوڵقێنێت و (ڕاستبینی) بەرهەم بهێنێت، کەواتە ڕووی دەم و داوامان لە ئەهلی بیرکردنەوەی نێو ئەم ڕەوتە سیاسییانە، تەنانەت بە پارتییەکانیشەوە ئەوەیە، کە (ڕق) بگۆڕین بۆ (مەنتیق)، کە لێرەدا دەبێ بە ویژدانەوە ئەوە بڵێین، کە پارتییەکان، لە بیرکردنەوە و گفتوگۆکانیاندا مەنتیقیانە دەردەکەون، بەڵام ڕکابەرەکانی پارتی، هەر ئەمڕۆیش نا، بەدرێژایی مێژوو، زۆر ڕقن و کینە لە دڵانە گفتوگۆکان دەکەن، ئەنجام خۆیشیان و خەڵکی کوردستانیشان  ماندوو و بێزارکردووە، لێرەدا پرسیار ئەوەیە، چیان لە ڕق و کینە چنگ کەوتووە و، چیان بۆ خەڵکی کوردستان بەرهەم هێناوە ؟!.

 

ـــــــــــــــــــــــــــــــــ

ئەم وتارە بەردەوام دەبێت