ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ 241 ساڵ بەسەر بونیاتنانی شاری سلێمانی، پایتەختی ئیمارەتی بابان، تێپەڕدەبێت و بەو بۆنەیەوە چهندین چالاكی لە جێگاى جیاوازى شارى سلێمانیدا پێشکەشدەکرێن، کە هونەری و کلتوریی و ئەدەبین، جلوبەرگی کوردی ژنان و پیاوانیش سیمایەکی بۆنەکەن، سلێمانی 14ـی تشرینی دووەمی ساڵی 1784، لەلایەن ئیبراهیم پاشای بابان، بونیاتنرا و هەرخۆی ناوی شارەکەی بەناوی باوکییەوە، سلێمان پاشا کردووە.
دوای ڕووخانی میرنشینی بابان لە ساڵی 1851 و لەناوچوونی دەوڵەتی عوسمانی لە جەنگی جیھانیی یەکەمدا، شاری سلێمانی خرایە سەر کۆماری عێراقی ئێستا.
ئیبراهیم پاشای بابان، لە ساڵی (1783)دا دەستی بە دروستکردنی شاری سلێمانی کرد و ساڵی (1784) کۆتایی ھات، لە ھەمان ساڵدا بابانییەکان پایتەختی ئیمارەتەکەیان گواستەوە سلێمانی.
بەپێی ڕۆژنامەی ژین لە ساڵی 1955، پانی ڕووی شاری سلێمانی 20 ملیۆن و 250 ھەزار مەترە و ژمارەی دانیشتووانی دەگاتە 60 ھەزار کەس و نزیکەی 7 ھەزار خانووی تیادایە.
سلێمانی لە شەش گەڕەکی سەرەکی پێکھاتووە، ئەوانیش، کانی ئاسکان، گوێژە، مەڵکەندی، سەرشەقام، چوارباخ، دەرگەزێن و گەڕەکی جوولەکان.
شاری ڕۆشنبیری، چەندین کەڵە نووسەر و شاعیری مەزنی تێدا هەڵکەوتووە بۆ مێژوو، لەوانە نالی، مەحوی ، پیرەمێرد ، گۆران ، مەولانا خالیدی نەقشبەندی، سالم، کوردی، ئەمین زەکی بەگ ، فایەق بێکەس، زێوەر، تۆفیق وەهبی، وەلی دێوانە، کاک ئەحمەدی شێخ و چەندینی دیکەش.