Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بریکار بۆ KDP: جگە لە پشتگیری بۆ یانەی نەورۆز مەسروور بارزانی بەرنامەی بەرفراوانی بۆ وەرزش ھەیە

ھەولێر-KDP.info- ڕۆژی یەکشەممە ٢-١١-٢٠٢٥، نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، وەکو دابینکردنی پاڵپشتیی دارایی، بڕی ٤٥٠ ملیۆن دیناریان بە یانەی نەورۆز بەخشیوە، بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانیش دەڵێ، سەرۆکی حکوومەت، ھەمیشە و ھەموو جارێک پشتگیریی کەرتی وەرزشی کردووە بۆ ھەموو یانەکانی کوردستان بەبێ جیاوازی و بەبێ ڕەچاوکردنی ھیچ لایەن و ڕەنگێک.

ئاریان سەڵاحەددین، بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و وەرزش و لاوان، پەیوەست بە پشتگیریی کەرتی وەرزشی لەلایەن سەرۆکی حکوومەتەوە، تایبەت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دوا و گوتی، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی كوردستان، ھەمیشە و ھەموو جارێک پشتگیریی کەرتی وەرزشی کردووە بۆ ھەموو یانەکانی کوردستان بەبێ جیاوازی و بەبێ ڕەچاوکردنی ھیچ لایەن و ڕەنگێک، جاری یەکەمیش نییە سەرۆکی حکوومەت ھاوکاریی دارایی پێشکەش بە یانە وەرزشییەکان دەکات، ئەو یانانەی کەوتوونەتە قەیرانێک یانیش پێویستییان بە پشتیوانیی ماددی ھەبێت، مەسروور بارزانی پاڵپشتی کردوون و بەردەوامیش بووە لە پاڵپشتیکردنی وەرزش، ھەتا جەنابیان ئامادەیی لە چالاکییە وەرزشییەکاندا ھەبووە، ئەوەش گوڕوتینێکی گەورەیە بۆ پەرەپێدانی وەرزش.

بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و وەرزش و لاوان ئاماژەشی دا، ستراتیژیەتی حکوومەتی ھەرێم و کابینەی نۆیەم لە ڕابردوودا ئەوەی سەلماند بە گرنگییەوە دەڕوانێتە بواری وەرزشی و لە ھەموو لایەنێکەوە ھاوکاری وەرزش و وەرزشوانان بووە، بەھەمان ئومێدەوە دەڕوانینە کابینەی داھاتووی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کە بەرنامەی بەرفراوانتریش ھەن بۆ کەرتی وەرزش، بەرەو ئەوە دەچین ژێرخانێکی باشی وەرزشی دابنێین و کۆمەڵێک ڕێنمایی و ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەت ھەیە کە بۆ خزمەتی وەرزش بچێتە بواری جێبەجێکردن و وەرزش لە ھەرێمی کوردستان و لەسەر ئاستی ھەموو یانە و شارەکان دەچێتە ئاستێکی دیکە.

ئاریان سەڵاحەددین ھەروەھا ئەوەشی خستەڕوو، ئەو ھاوکاری و پشتگیرییەی ھەبووە بۆ یانەی نەورۆز، جاری یەکەم نییە و ھەموو جارەکانی پێشووتریش مەسروور بارزانی پاڵپشتیی ماددی و مەعنەی پێشکەش بە کەرتی وەرزش و بوارە جیاوازەکانی وەرزش کردووە، زۆر یانەی دیکەش ھەن ھاوکاری کران ئەوانەی لە پلەی دیکەشدا پاڵپشتی کراون، ھەتا نۆژەنکردنەوەی یانەی ھەولێر و بڕیار لەسەر نۆژەنکردنەوەی یانەی شەقڵاوەی دەرکرد لەگەڵ ٢٦ یاریگای دیکەش.

ھاوکات لەلایەن کوردستانیان و وەرزشوانان و خەمخۆرانی وەرزش و یانەی نەورۆزەوە، پێشوازییەکی گەرم لەو ھاوکارییەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مەسروور بارزانی کرا و جێگەی دڵخۆشییان بوو کە لە کاتێکی زۆر ھەستیاردا هاوکارییەکە گەیشتە دەستیان، ئەمەش ھیوایەکی گەورەی بۆ یانەکە گەڕاندەوە و کاریگەریشی لەسەر چارەسەرکردنی بەشێکی زۆری ئەو گرفتانەی ڕووبەڕووی یانەکە بوونەتەوە، دەبێت.

 

قائید میرۆ