Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لە (فازڵ میرانی)ـیەوە بۆ ھەموو ئەوانەی مافی دەنگدانیان ھەیە

(٩)

خوشک و براکانم.

پێشنیارتان بۆ دەکەین و پێشنیارکردنیش لە ڕاستگۆیی و ئەمانەتەوەیە.

خۆتان لە دەنگدان بێبەش مەکەن، چونکە دەنگنەدانەکەتان ھەرچەندە مافیش بێت، بەڵام ھەڵوێستێکە و دەبێتە ھۆی لەدەستدانی مافەکانتان.

ئێوە ھاووڵاتین، بە دەنگدانتان مافێک بۆ خۆتان دروست دەکەن.

ئێوە ھاووڵاتین و ڕۆژی دەنگدان ئەو ڕۆژەیە کە تێیدا بەوانە دەڵێن "بەڵێ" کە جێی متمانەتانن و بەوانەش دەڵێن "نەخێر"، کە خیانەتیان لێ کردوون.

سەیری بانگەشەی ھەڵبژاردنەکان بکەن، سەیری ئەوانە بکەن کە کاری باشیان کردووە و خراپەشیان دوورخستووەتەوە، سەیری ئەوانە بکەن کە بەڵێنەکانیان ڕاستن و ئەوانەش کە درۆیان کرد و ئێستاش ھەر درۆ دەکەن.

ئێوە ھەموو مافێکتان ھەیە، تا ئەوانە ھەڵبژێرن کە لەگەڵتاندا دەگونجێت.

ئەو کەسە ھەڵبژێرن کە ساڵانی خزمەت و دەستکەوتەکان شایەدی بۆ دەدەن، ئەوە ھەڵبژێرن کە لە پێناو ڕابردوو و ئێستا و داھاتووتاندا خەباتی کردووە و ھەر بەردەوامە.

ئەو کەسە ھەڵبژێرن کە شەوی خستووەتەسەر ڕۆژ، لە پێناو ئاسایش و ئارامیی ئێوەدا.

ئێمە دیموکراتین، ھیچ شتێک بە زۆر ناسەپێنین، بەڵکو بەرنامەکانمان و ئەوەی پێشکەشمان کردووە و ئەوەشی بە ھەوڵی ئێوە لەگەڵمان و بە پشتیوانیتان لە ئێمە دەتوانین پێشکەشی بکەین، دەیخەینە بەردەستتان.

• دەمانەوێت ھەموو منداڵێک، کوڕ و کچ، سوودمەندبن لە سامانەکانی وڵات و  وریا و بەئاگاش بن.

• دەمانەوێت ژیانێکی شکۆمەندانە بۆ ھەموو عێراقییەک دروست بکەین.

• ڕقمان لە ڕەگەزپەرستی، شەڕی ناوخۆیی و دەمارگیریی ئایینی و تائیفی و فیکرییە.

• وڵاتێکمان دەوێت کە پارێزراو بێت لەو سەرکێشە قومارچییانەی کە یاری بە چارەنووس و سامانەکەیەوە دەکەن.

• ئاشتییەکی کۆمەڵایەتیی بەھێز و قووڵمان دەوێت، بەقەد قووڵایی ڕەسەنایەتیمان.

• دەمانەوێت شکۆمان پارێزراو بێت.

• دەسەڵاتێکمان ناوێت کە فێڵ لە گەلەکەی بکات و لە ڕێگەی پەراوێزخستن و برسیکردنەوە، شەرعییەت بە مانەوەی خۆی بدات.

لەگەڵمان بن، چونکە ئێمە پاڵپشتی ئێوەین و ئێوەیش قووڵایی ستراتیژیی ئێمەن.