سۆران-KDP.info- گەنجانی کاسبکار لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە ڕێگەی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، داوا لە کاسبکاران و خەمخۆرانی کوردستان دەکەن حزبێکی شایستەی وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان و لیستەكەی بە ژمارە ۲۷٥ هەڵبژێرن.
رێناس ئاراز عەلی، کە گەنجێکی کاسبی تەمەن ۲۱ ساڵە و خەڵکی باڵەکایەتییە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "من لە منداڵییەوە شەیدای ڕێبازی بارزانی بووم، حەز و ئارەزووی منداڵیشم بۆ ئەم ڕێبازە لە کۆتاییدا وای کرد ببمە ئەندام لە ناو پارتی، دڵسۆزیی من و خانەوادەم بۆ ئەو ڕێبازە وای کردووە بێ هیچ دەستکەوتێکی ماددیش خزمەت بگەیەنین، چونکە ئەمە ڕێک ڕێبازی بارزانی بوو کە بێ هیچ دەستکەوتی ماددی خزمەتی دۆزی کورد و کوردستانی کرد.
رێناس ئاراز عەلی دەشڵێت: من بۆیە لایەنگری لیستی ۲۷٥ـی پارتی دیموکراتی کوردستانم، چونکە هەر بەڵێنێک درابێت بە کردار جێبەجێ کراوە، ئەگەر چاوەڕوانیش بووبین هەر جێبەجێیان کردووە. من ئەم حزبە بە تاکە حزب دەزانم؛ چونکە دژی گەندەڵ و گەندەڵکارییە، هەمیشە ڕاستگۆ بووە بەرانبەر خەڵکی خۆی، بۆیە داوا لە کاسبکاران، مامۆستایان، گەنجان و هەموو چین و توێژێکی کۆمەڵگە دەکەم، بۆ ئایندە و دواڕۆژێكی باشتر دەنگ بە لیستی ۲۷٥ـی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەن.
هاوكات غەفوور غەفار، کە گەنجێکە ئەویش پیشەی کاسبە و تەمەن ۲۳ ساڵە و دانیشتووی ئیدارەی سۆرانە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "من وەک کاسبێک دەنگ بە لیستی ۲۷٥ـی پارتی دیموکراتی کوردستان دەدەم، چونکە ئارامی و ئاوەدانی و ئاسایشی دابین کردووە و ئێمەی گەنج بێ دڵەڕاوکێ لەنێو شار کار دەکەین و نیگەران نین لە بارەی ئەمنیەتی شار و وڵاتەکەمان، بۆیە دەنگ بە پارتی دەدەم، چونکە کوردستان و خەڵکەکەی پێویستییان بە پێشکەوتنی زیاتر، ئاوەدانیی زیاتر، پڕۆژە و ڕێگەوبانی زیاترە. پارتی جێگەی خۆی لەنێو دڵی هەموو چین و توێژێکی کوردستاندا کردووەتەوە، ئەمەیە وای کردووە هەردەم لە هەموو هەڵبژاردنەکان یەکەم بێت و لە پێشەوەی تەواوی حزبەکانی تر بێت.
جەعفەر موتەلیب رەشید، گەنجێکی تری کاسبە، پەرۆشی و دڵسۆزیی زۆرە بۆ پارتی و دەڵێت، "من ڕۆڵەی پیاوێکی شۆڕشگێرم، باپیرم کە یەکێک بوو لە پێشمەرگە قارەمانەکانی باوکی ڕۆحی نەتەوەیی کورد (مەلا مستەفا بارزانی) باوەڕبوونم بە ڕێبازی پارتی و بارزانی لە باوکمەوە سەرچاوەی گرتووە، هەر بۆیە هەڵبژاردنم لیستی ۲۷٥ـی پارتی دیموکراتی کوردستانە، چونکە ئەوان بە ڕاست و حەق دەزانین و هەر ئەوانیش بوون کوردستانیان بۆ ئازاد کردین. هەردەم دەنگمان بۆ ئەوان بووە و هەر لەسەر ئەم ڕێبازەش دەمێنین تاکوو دوا هەناسەمان.
جەعفەر گوتیشێ، لە کۆتاییدا دەڵێم و تکا دەکەم با هەموومان لە ١١/١١/٢٠٢٥ بە شکۆ و دڵگەرمییەوە بڕۆینە سەر سندووق و دەنگ بە لیستی ۲۷٥ـی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەین.
ئەژین غەفار