ھەڵەبجە-KDP.info-  پشتیوانی چاڵنجی یەك ملیۆن دەنگ و زیاتریش بەردەوام لە زیاد بووندایە، ئێستا چاڵنجی جێگرانی سەرۆك بارزانی نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی دەكرێت كە بۆ دەنگی ملیۆنی پێش ئەوان دەڕۆنە سەر سندووقی دەنگدان و دەنگ بە لیستی 275 پارتی دەدەن. 
	لەو بارەیەوە، عوسمان ڕەمەزان پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند "ئەمڕۆ ئێمە بە دەنگی ملیۆنی پارێزگاری لە قەوارەی دەستووریی كوردستان دەكەین، كوردستانییان ڕۆژی 11-11 بەڵێن بە سەرۆك بارزانی دەدەین، یەك ملیۆن و زیاتریش دەنگی پارتی لە سندووقەكانی دەنگدان زەرد پۆش بكەین، پارتی بەهێزبێت كوردستان بەهێزە، هەموو حزبەكانی تر تاقیکرانەوە، جگە لە كاری خەراپە و تێكدانی ئاسایش و ئارامی و دواكەوتنی شارەكانمان هیچی ترمان لێ نەبینیون." 
	 حەسیبە محەمەد ئافرەتێكی نیشتمانپەروەرە، دەڵێ "خوای گەورە پارتی سەركەوتوو بكات، ئێمە چاڵنجی جێگرانی سەرۆکمان دەكەین، پێش ئەوان دەڕۆمە سەر سندووقی دەنگدان و دەنگم بۆ پارتی دەبێت، من خۆشحاڵم كاتێك چاوم پێیان دەكەوێت، ڕوحم لەگەڵ ڕوحی سەركردەكانی پارتییە، دڵنیابن پارتی ملیۆن و زیاتریش دەنگ بەدەست دێنێت و پێشەنگی سەر گۆڕەپانی سیاسی كوردستان و عێراق دەبێت." 
	مام ئازاد محەمەدیش بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی "ئێمە ئیشمان بۆ سەرخستنی لیستی یەك ملیۆن و زیاتر كردووە كە لیستی جەنابی سەرۆك بارزانییە، داوا لە دەنگدەرانی خۆمان دەكەین ڕۆژی 11-11 بڕۆنە سەر سندووقی دەنگدان و دەنگ بە لیستی جەنابی سەرۆك و چاڵنجی جەنابی كاك نێچیرڤان بارزانی سەربخەن، خەڵكی سلێمانی و دەوروبەری پڕۆژەكانی پارتییان بینیوە، پارتی بەهێز دەكەن بۆ ئەوەی كاروانی زیاتری ئاوەدانی لە سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكان فراوانتر بکرێت و پڕۆژەی نێودەوڵەتی ڕێگاوبان جێبەجێ بكرێت." 
	چاودێرانی سیاسی دەڵێن "پارتی لەگەڵ وەرگرتنی یەك ملیۆن دەنگ و زیاتریش لە ڕۆژی 11-11 هەنگاوێكی گەورەی عێراقی و نێودەوڵەتی دەنێت، وەك هەمیشە لە لوتكەی بڕیارە یەكلایكەرەوەكانی گۆڕپانی سیاسی دەمێنێتەوە." 
	عەزیز ڕەسووڵ