Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ده‌قی وتاره‌كه‌ی مەسروور بارزانی لە ڕێوڕەسمی كردنه‌وه‌ی دووسایدی حاجی ئۆمەران

حاجی ئۆمەران-KDP.info- مەسروور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ ڕێوره‌سمێكدا دووسایدی حاجی ئۆمەرانی كرده‌وه‌.

له‌ ڕێوره‌سمه‌كه‌دا وتارێكی پێشكه‌ش كرد و گوتی، "جێی دڵخۆشییە ئەمڕۆ لێرەین بۆ كردنەوەی بەشێك لەم رێگەیە كە بە شێوەیەكی سەردەمییانە و ڕێكوپێك دروست كراوە و خراوەتە خزمەتی هەموو هاووڵاتیان."

سه‌رۆكی حكوومه‌ت ڕاشیگه‌یاند، "هیوادارم ئەم ڕێگەیە و هەموو كارە خزمەتگوزارییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان جارێكی تر بكەونەوە خزمەتی هاووڵاتیان و بژێویی ژیانی خەڵكی كوردستان و سەلامەتی و سەربەرزیی ئێوە، ئەركە بۆ ئێمە و ئاواتی ئێمەیە."

ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قی وتاره‌كه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌ته‌:

بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان

بەڕاستی زۆر خۆشحاڵم كە سەردانی حاجی ئۆمەران دەكەم كە سەردەمێك پایتەختی شۆڕشی ئەیلوول بوو، شوێنەواری بارزانی نەمرە، شوێنی ئەو پێشمەرگە قارەمانانەیە كە ئێستا ئێمە بەرهەمی دەستیان دەبینین و لە سایەی زەحمەت و ماندووبوونی ئەو پێشمەرگە قارەمانانە، ئێستا كوردستانێكی ئازادمان هەیە.

جێی دڵخۆشییە ئەمڕۆ لێرەین بۆ كردنەوەی بەشێك لەم رێگەیە كە بە شێوەیەكی سەردەمییانە و ڕێكوپێك دروستكراوە و خراوەتە خزمەتی هەموو هاووڵاتیان.

بێگومان خەڵكی ئەم دەڤەرە شایانی خزمەتێكی ئێجگار زیاتر لەوەن، ئەوەی لە دەستی حكوومەتیش بێت، بەپێی ئیمكانیات لە خزمەتتان دەبین و پەرە بەو گەشەسەندن و پێشخستنی وڵاتەكەمان دەدەین.

ئێرە شوێنێكی گرنگە، چونكە دەروازەیەكیشە لەگەڵ وڵاتی دراوسێی ئێمە (كۆماری ئیسلامیی ئێران) كە پێویستە ئێمە گرنگیی بەو پەیوەندییانە بدەین و ئاسانكاریش بۆ هاتوچۆی هاووڵاتیان بكەین و لە ڕووی بازرگانیشەوە بۆ ئێمە گرنگە كە پەرە بە بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بدەین.

هیوادارم ئەم ڕێگەیە و هەموو كارە خزمەتگوزارییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان جارێكی تر بكەونەوە خزمەتی هاووڵاتیان و بژێویی ژیانی خەڵكی كوردستان و سەلامەتی و سەربەرزیی ئێوە، ئەركە بۆ ئێمە و ئاواتی ئێمەیە.

هیوادارم هەر پیرۆز بێت لێتان، كوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ سەركەوتووتر بێت، گەشەی زیاتر بە خۆیەوە ببینێت، ئێوە هەر ساخ و سەلامەت بن، وڵاتمان هەر ئاوەدان بێت. زۆر سوپاس.