کەرکووک-KDP.info- یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دەڵێ، پارتی لە ھەڵبژاردنی ئەمجارە زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگ بەدەست دێنێ و ھەر بە حزبی یەكەمیش دەمێنێتەوە.
	دیاری حوسێن، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک - گەرمیان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "پێشبینی زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگ دەکەین لە ھەڵبژاردنی ئەمجارە، ئێمە وەک پارتی پێشتریش ھەر حزبی ملیۆنی بووینە، چونکە لە ھەڵبژاردنی ساڵی ڕابردووی کوردستان تەنیا لە سنووری چوار پارێزگای کوردستان زیاتر لە ٨٠٠ ھەزار دەنگمان بەدەست ھێناوە، ئەمجارە ناوچەکانی دیکەی پارێزگای کەرکووک و مووسڵ و دیالە و خورماتووش دێتە سەرو گەشبینین بەوەی زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگ بەدەست بهێنین و سەرکەوتنی زۆر گەورەش بەڕێوەیە".
	یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک - گەرمیان دەشڵێت، "پارتی خاوەن مێژوو جەماوەری خۆیەتی و لەسەر ئاستی عێراقیش گەورەترین حزبە و ھەر بە گەورەییش دەمێنێتەوە، پارتی دەچێتە پەرلەمانی عێراق بۆ ئەوەی خزمەتی خەڵکی بکات و بۆ بەرگری کردن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان پارتی نوێنەر دەنێرێتە بەغدا".  
	دیاری حوسێن ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، "ئێمە لە کەرکووک بەردەوامین لە بانگەشە و ھەموو ئۆرگانەکانی پارتی لەناو خەڵکی کەرکووکن، پارتی تەنیا مەبەستی داکۆکیە لە کوردستان بۆیە دەچێتە بەغدا و بەشدارە لە ھەڵبژاردن، ئومێدمان زۆرە دەنگی پارتی وەک ھەموو شوێنەکانی دیکە لە کەرکووکیش زیاد ببێت و ئەنجامی ئەم ھەڵبژاردنە دڵخۆشکەر دەبێت بۆ پارتی و خەڵكی خۆشەویستی كوردستانیش".
	 
	قائید میرۆ