ھەولێر-KDP.info- سەرچاوەیەكی ڕۆژنامەوانی لە پارتی دیموكراتی كوردستان، وەڵامی گوتەكانی قەیس خزعەلی دهداتهوه و دهڵێ، پێویستە باش لەوە تێبگهی كە پارتی دیموكراتی كوردستان یەك سەركردایەتی و یەك ڕەئی و یەك بڕیاری هەیە و باشترە دڵی خۆتان بەو جۆرە خەونانە خۆش نەكەن گوایە فرەبڕیاری لەناو پارتیدا هەیە.
	دهقی وەڵامێك بۆ گوتەكانی قەیس خزعەلی:
	قەیس خزعەلی لە چاوپێكەوتنێكی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ كەناڵەكەی خۆیدا ناوی جەنابی سەرۆك بارزانی و بەڕێزان كاك نێچیرڤان و كاك مەسرووری هێناوە و بە مەرامی خۆی لێكدانەوەی بۆ پێشهات و هاوكێشە سیاسیەكان كردووە، ئێمە پێمانوایە ئەو قسانە  بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی و چەواشەكارییە. پێویستە باش لەوە تێبگات كە پارتی دیموكراتی كوردستان یەك سەركردایەتی و یەك ڕەئی و یەك بڕیاری هەیە و باشترە دڵی خۆیان بەو جۆرە خەونانە خۆش نەكەن گوایە فرەبڕیاری لەناو پارتیدا هەیە.
	هەروەها هەموو لایەك ئەو ڕاستیە باش دەزانن كە لەدوای ڕووخانی ڕژێم كەس بەقەدەر سەرۆك بارزانی هەوڵی بۆ بنیاتنانەوەی عێراقی تازە نەداوە. سەرۆك بارزانی زیاتر لە هەموو كەسێك هەوڵی بۆ ئەوە داوە عێراقێكی فیدڕاڵ لەسەر بنەمای دەستوور دابمەزرێت كە تێیدا هەموو لایەك پابەندی دەستوور بن و ڕەچاوی بنەماكانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان بكرێت.
	باشیش بزانن نە ئێمە و نە خەڵكی عێراق لەگەڵ ئەو عێراقەدا نین كە تێیدا دەستوور پێشێل بكرێت و پشت لە بنەماكانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان بكرێت و مافیاكان حوكمی وڵات بكەن.
	 
	سەرچاوەیەكی ڕۆژنامەوانی لە 
	پارتی دیموكراتی كوردستان
	١ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥