Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دوای ئەنجامەكانی هەڵبژاردن

فازڵ میرانی

دۆسیەی هەڵبژاردن، دۆسیەیەکی عێراقییە كە وردەکارییەکانی هێندەی سەختی و ئاڵۆزیی دیموکراسییەتە لە عێراقدا. لە بیروباوەڕدا هەڵبژاردن یاخود هەڵاوێردكردن دروست نییە، چونكە هەڵبژاردن ئەو بیرۆكەیە كە لە سیستەمە دیموکراسییەکاندا ئامانج شتێکە و لە سیستەمە تێکەڵاوەکانیشدا شتێکی دیکەیە، تەنانەت لە سیستەمە ستەمکارەکانیش هەڵبژاردن هەیە و ئەنجامی هەڵبژاردنی دەستە و دامەزراوەكانیش لە هەر سیستەمێکدا پێشوەختە زانراوە، ئەویش بە پشکنین و پێکهاتەی سیستەمەکە دەردەكەوێت.

وەرگرتن و پیادەكردنی هەڵبژاردن لە سیستەمێک و سوود لێ وەرگرتنی بۆ بەهێزکردنی خۆی، بەبێ گوێدانە وردەکارییەکانی ئەو سیستەمەی لێی وەرگیراوە، وەک هاوکێشەیەکی هەڵەی کیمیایی وایە، ئێمە لەم جۆرە پیادەكردنە تێدەگەین کە بریتییە لە خۆگونجاندن لەگەڵ واقیعدا، بەڵام پەرۆشیمان هەمیشە پاڵمان پێوە دەنێت بۆ ئاماژەیەکی ڕوون و ئاگادارکردنەوەیەکی ڕاشکاو دەربارەی ئەوەی بارودۆخی گشتی بەرەو کوێ دەڕوات، ئەوەی لەوە تێدەگات کە دەستوور چی تۆمار کردووە و خۆیشی لە ناوەندی بڕیاردایە، نابێت پێشێلی دەستوورەكە بکات، ئینجا بە ئەنقەست بێت یان بەبێ ئاگایی.

هەڵبژاردنەکان، ئەگەر ئەنجام بدرێن، ئەنجامی دابەشبوونی هێزە حزبییەکانی لێ دەردەكەوێت کە دەبووایە لە مانای یاسادانان و لەوەش تێبگەن هیچ شتێک لە سەرووی دەستوورەوە نییە، بۆیە نابێت پێشێل بکرێت، نە لە ڕووی دەق و نە لە ڕووی ڕۆحییەوە، بڕیارە ڕۆژی یازدەی تشرینی دووەمی 2025، ڕۆژی دەنگدانی گشتی بێت بۆ خولێکی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەران لە عێراقی دیموکراسیی فیدڕاڵدا. ئەو عێراقەی کە سیستەمەکەی لە نیسانی 2003ـدا گۆڕدرا، دوای ئەوەی کەوتە ناو گێژاوێكی زریانی ناوخۆیی و دەرەکی و تێیدا گەلە فرەنەتەوە و فرەبیروباوەڕەکەی، شتگەلێكیان لەدەستدا، ئاسان نییە كۆنتڕۆڵ بکرێن و بەبیرهێنانەوەشیان ئازاربەخشە.

لێرەدا دەمەوێت قسەیەکی نووسەری کۆچکردووی میسری، نەجیب مەحفووز، بهێنمەوە کە دەڵێت: (نەهامەتیی گەڕەکەکەی ئێمە، لەبیرچوونەوەیە)، منیش ڕستەیەکی سیاسی بۆ زیاد دەکەم و دەڵێم (نەگبەتیی کۆمەڵگەکەمان لەبیربردنەوەی شتێکە کە نابێت لەبیری بکەین)، پاساوەکانمان دژی ئەو ڕژێمانەی کە دژایەتیمان دەکردن و سکاڵای زوڵممان لێ دەکردن، لەسەر بنەمای زوڵمكردن، پلاندانانی هەڵە، یاسادانان بۆ پەردەپۆشکردنی تاوانەکانی دەسەڵات، هاندانی ڕەگەزپەرستی و تایەفییەت، ڕشتنی خوێنی بێتاوان و بەفیڕۆدانی سامانی گەلەکەمان بوون.

ئەوانەی لەم پاساوانەدا ڕاستگۆ بوون، دروست نییە کارێک بکەن وا لێکبدرێتەوە کە لەبیرکردنە یان لەبیربردنەوەیە و دووبارە ئەو کارانە ئەنجام بدەنەوە. ئەوانەیشی کە هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ كار و کردەوەی ڕژێمەکانی پێشوودا نییە، مافی ئەوەیان نییە پاساو بۆ زیانێکی بە مەبەست بهێننەوە کە بەر ئێمە و بەر غەیری ئێمەش کەوتووە و جارێکی تر هەمان هەڵە دووبارە بکەنەوە، بە بیانووی جۆراوجۆر کە ئێمە هەمیشە لێی بەئاگابووین، ئەویش هەڵبژاردنی بەشێک لە دەستوور و جێبەجێکردنی بوو، ئەمەش بیانووی وای چاند کە هەستێکی تاڵ و زوڵم و پاڵنەرێکی بۆ ئۆپۆزسیۆنێکی ڕاستەقینە یان بۆ داپۆشینی خواستی دەسەڵات دروست کرد.

عێراق بەلامانەوە گرنگە، چونکە دەزانین مانای دەوڵەتێکی ڕێزلێگیراو چییە، نەک تەنیا لەبەر ئەوەی كە ئێمە لەگەڵ هەموو ئەو ڕابردووەی هەمانە، نەتەوەیەکین و بزووتنەوەیەکیسیاسیی بەردەوام و هاوچەرخین، بەڵکوو بەهۆی تێگەیشتنێکی زۆر زووەوەیە بۆ مانای پەیوەندیی دروستی نێوان گەلان و دامەزراوەکانی حوکمڕانی، ئێستا لەبارەی ساڵانێکی دوورودرێژی کار و ماندووبوون لەپێناو سەرخستنی گەلەکەماندا نانووسم، چونکە ئەم وتارەم بۆ ئەو دۆسیانە نییە، بەڵام هۆشیاری دەدەم لە قەبارەی بەرپرسیارێتی و مەترسیی ئەو ئەنجامانەی کە لە پشتبەستن بە چانس و بەختەوە سەرچاوە دەگرن، بەبێ پلاندانانێکی دروست تاوەكوو ماددەکانی دەستوور بکاتە واقیع.

ئەوانەی ئاواتەخوازن بڕیار بەدەست بن، دەبێت خاوەن ویژدانێکی زیندوو و بیرێکی داگیرساو بن و هیممەت و توانای کاری جددییان هەبێت، دەبێت شتە زوڵملێکراوییەکان بگەڕێنرێنەوە، زوڵم لە مافی خەڵک، خاک، مێژوو، ئێستا و داهاتووش کراوە. ڕژانی خوێنی گەلەکەمان، هەژارکردنی نەوەکانمان، خستنە ئەستۆی قەرز لەسەر نەوەکانی داهاتوو، وشکبوونی سەرچاوە ئاوییەکانمان، ڕەگەزپەرستیی ئەم یان ئەوان دژی ئەم و ئەوانی دیكە، شێواویی ناوەندی بڕیار و نزیکبوونەوە لە ئاگر و ئەوانەی یاری بە ئاگر دەكەن و…هتد، بەڵام بەر لە هەموو ئەمانەیش، بڕیاری سیاسی دەبێت لەسەر بنەمای ماددەکانی دەستوور و بنەما یاساییە هاوئاهەنگەکانی دەستوور دابڕێژرێت، نەک تاکێک یان گرووپێک دەربکەون و بە مەبەستێك خۆیان بشارنەوە و دواتر دەربکەون کە ئەو پەتایە تووشی سەرکردە لەناوچووەكانی ڕابردوو ببوو. ئەمە مانای زیندووبوونەوەی پەتایەكی بە میرات بۆماوەیە کە پێویستە تووشبووەكانی یاخود میراتگرەكانی، چ لە بەرپرسیارێتیی گشتی بن یان تایبەت، کەرەنتین بکرێن.

ئێمە کار دەکەین و کارمان کردووە لە دۆسیەی هەڵبژاردندا بۆ بردنەوە و بۆ چەسپاندنی هەڵبژاردن وەک بەشێک لە سیستەمێکی دیموکراسیی گشتگیر، بۆ عێراقێک کە قووڵاییەکی مێژوویی مرۆڤایەتی هەیە و بۆ چەندین سەدە چرایەکی ڕووناککەرەوەی شارستانییەت بووە، بۆیە، کارکردن بە پێچەوانەی ئەوەی باسمان کرد تاوانێکە بەرانبەرمان کە قبووڵمان نەکردووە و قبووڵیشی ناکەین.

هانی ئەوانی دیکە دەدەین مافی خۆیان وەربگرن، و کار دەکەین و کارمان کردووە و مافەکانمان بەدەستهێناوە، هەرچەندە هێشتا مافمان ماوە، وەکچۆن ئەوانی دیکەش مافیان ماوە، ئێمە لە هۆکارەکانی سستی و خاویی گەڕاندنەوەی مافەكانمان تێدەگەین، بەڵام قبووڵی ناکەین بە ئەنقەست ڕێگرییان لێ بکرێت، لەگەڵ هەموو ئەم خۆڕاگرییەشماندا، ئێمە هێشتا باوەڕمان وایە و کار بۆ ئەوە دەکەین سیستەمێک دابمەزرێنین کە مافەکان بە هۆشیاری و ڕەزامەندییەوە بدات، نەک لە لاوازییەوە یان لەژێر گوشاردا، ئەمەیش بە ڕێزگرتن و تێگەیشتن و جێبەجێکردنی دەستوور بەدی دێت.

 

و: لە عەرەبییەوە: سەردار حوسێن