ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای ھەولێر لەگەڵ مامۆستایان کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا پشتیوان سادق ڕایگەیاند، حزبێک خاوەن سەدان داستان و شۆڕش و ھەزاران شەھیدی لەپێناو کوردستان بەخشیبێت و، سەرۆک و سەرکردە و ڕابەری جەنابی (سەرۆک بارزانی) بێت، بە دڵنیاییەوە لەم ھەڵبژاردنەش ھەر یەکەم و ھەر پێشەنگ دەبێت.
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٧ی١٠ی ٢٠٢٥، بەسەرپەرشتی دکتۆر پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای ھەولێر، بە ئامادەبوونی چیا ھەرکی یاریدەری مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای ھەولێر و سەنگەر کانەبی بەرپرسی لقی۲۳ قەرەچووغ، کۆبوونەوەیەکی فراوان بۆ سەرکەوتنی لیستی ۲۷٥ی پارتی، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایان و بەڕێوبەری قوتابخانەکان و پەروەردە و ھەڤاڵ و کادیرانی پارتی ئەنجامدا.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستن ئاماژەی بە ڕۆڵی گرینگی مامۆستایان کرد، سوپاس و دەستخۆشی ئاراستەی یەکە بە یەکەی مامۆستایان کرد، ئومێدی بەردەوامیان بۆخواستن لەسەر ئەم ئەرکە پیرۆزە بۆ خزمەتکردنی قوتابیان و خاک و نیشتیمان.
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، دکتۆر پشتیوان سادق باسی لە بارودۆخی ھەنووکەیی ئێستای ھەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرد، ھاوکات باسی لەو نادادیانەی بەرامبەر ھەرێم لەلایەن حکوومەتی فیدڕاڵەوە ئەنجام دەدرێن کرد.

پشتیوان سادق باسی لەوەشکرد کە حزبێک خاوەن سەدان داستان و شۆڕش و بەرخودان بێت و، ھەزاران شەھیدی لەپێناو کوردستان بەخشیبێت و، سەرۆک و سەرکردە و ڕابەری جەنابی (سەرۆک بارزانی) بێت، بە دڵنیاییەوە پشت ئەستوور بە ئێوە و جەماوەری خۆشەویستی کوردستان، وەک ھەمیشە لەم ھەڵبژاردنەش ھەر یەکەم و ھەر پێشەنگ دەبێت.
ھەروەھا بە تێروتەسەلی باسی لە بەرنامە و کار و پڕۆژەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کرد، کە لە ھەموو سێکتەرەکان خزمەتێکی زۆری بە سەرجەم چینوتوێژەکانی کۆمەڵگە کردووە.
لە کۆتاییشدا ئامادەبووان، بۆ کوردستانێکی بەھێزتر و ئاوەدانتر و ئارامتر، جەختیان لەوەکردەوە دەنگیان بۆ لیستی (۲۷٥) پارتیە.
