فازڵ میرانی
مامۆستا، ڕووخسار و سیمای دیار بێت یان نادیار، چاوەکان بیبینن یان نا، یان ئەو کەسەی یەکەم پیتی فێرکردووین و لە پۆلەکاندا ڕێنمایی کردووین بۆ گوتنی یەکەم وشە و فێری ڕەوشتی کردووین، مامۆستایەک، کە دەستپاك و دڵسۆز بێت، لە ڕۆڵی خۆی تێگەیشتبێت، پەرۆشی گەیاندنی پەیامەکەی بێت، بە کردار و گوتار، چاوەڕوانی ئەنجامی کارەکەی دەبێت.
ژیان هەمووی قوتابخانە و فێربوونە، قوتابخانە بەم تیگەیشتن و چەمکە جێگیرەی هەیە، كاروانێكی قۆناغ بە قۆناغ و بازنەکانی کۆمەڵایەتی و دیاریكراون، کە تێیدا مرۆڤ خۆی فێر دەکات و لاسایی یەكەمین سرووش دەکاتەوە (وعلم ادم الاسماء كلها - والذی علم بالقلم)، ئینجا مرۆڤ بە تەنیا بێت یان لەگەڵ کۆمەڵێكدا بێت.
وێڕای ئەوەی خودا مرۆڤی فێر کردووە و بە سرووشتی خۆی خێری پێ بەخشیووە و ناڕەوا و خراپەی پێناساندووە بۆ ئەوەی خۆی لێ بپارێزێت، یان شەڕ لەدژی خراپەكاری بکات، بەڵام مرۆڤ بە چەند قۆناغێکدا تێدەپەڕێت تا دەگاتە ئەوەی ئازاد بێت لە بیستن و هەڵبژاردن و وەرگرتنی ڕێنمایی فێربوون، كە جارێک بەهۆی کەمتەمەنییەوە لە تێگەیشتندا کورت دەهێنێت و لەوێدا ئەمانەتی فێرکردنی دەکەوێتە ئەستۆی کەسانی دیكە، جارێکی تریش مەرجەکانی دەكاتە كردار و لەوێدا پێویستی بە ئامۆژگاری دەبێت، جا ئیتر لەلایەن ئەوانی دیكەوە پێی ببەخشرێت یان خۆی داوای بکات لە کەسێک، کە زاناتر و دڵسۆزتربێت لە فێرکردندا، رەنگە هەندێجاریش ناچار بکرێت.
هەردوو بوارەکە، چ فێرکردن وەک ئەوەی باوە بە پڕۆگرام و مامۆستا و هۆڵی خوێندنەوە، چ ژیانیش بە بازنەکانی فێرکردنییەوە، ئەگەر هەردووکیان دروست و بێگەرد بن، نیشانەکانی خراپەكاری کەم دەبنەوە و نامێنن، پێچەوانەکەشی ڕاستە و لەبەر بەرچاوانە.
فەلسەفەی بوونی مرۆڤ بریتییە لە زانست و فێربوون و فێرکردن. جێنشینیی مرۆڤ لەسەر زەوی بریتییە لە گۆڕانی نەوەکان، کە خۆی لە خۆیدا ململانێیە لەنێوان زانا و نەزان، زانا و زاناتر، مامۆستا و نەزانینخواز، هەروەها ململانێی نێوان زانستێک بۆ چەسپاندنی دادپەروەری و زانستێکی ترە بۆ چەسپاندنی زوڵم و ستەم.
ئێمە بە چەکی فێرکردن، بیرۆکەی مافەکانمانمان پاراست و دوژمنەكانیشمان بە چەکی فێرکردنی چەواشەکارانە و بۆ دروستکردنی چەند نەوەیەكی دوژمنکار لەناو پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و لە دەوروبەرماندا جوولەیان كرد، لەوێدا و لەم قۆناغە سەرەتاییەی مێژووی هاوچەرخی نەتەوەکەماندا، مستەفا بارزانی مامۆستامان بوو، مامۆستایەکی بەتوانا لە ڕووی بیر و ڕاهێنانەوە، پەلەی کرد لە تێرکردنی مێشکمان بە زانیاری و پێویستبوونی جوانیی لە هەڵبژاردندا.
هەروەک چۆن پەرۆشییەکەی بۆ فێرکردنی زیاتری ئێمە بەردەوام بوو، ئاواش پەرۆشییەكەی بۆ پەیمانگاکانی زانست و فێربوون چەسپاو بوو، پەرۆشیی بۆ ڕووناكیی پیتەکان، پێش ئەوەی بکوژێنەوە و تاریکی و نەزانی چەکدار بە زانستی شەڕ و ستەم دایبگرێت. فێربوون كاتبەسەربردن و هەڵواسینی بڕوانامەیەکی پسپۆڕی نییە لەسەر دیوارێك، بەڵکو پێویستییەکە، کە لە بنەماکانی مانەوەو بەردەوامبوون کەمتر نییە.
دۆزینەوەی پڕۆگرامێکی زنجیرەیی کە بگاتە بازاڕێکی کاری بەرهەمهێن، بریتییە لە ڕزگاربوون لە کۆتوبەندی سەركزی و پاشکۆیەتی، مەشخەڵێکە ڕێگای ئازادی و گەشەكردن و پێشکەوتن ڕووناک دەکاتەوە.
زانست تەنیا لێکۆڵینەوە لەبارەی هەنگاوەکانی ئەزموون نادات بەدەستەوە، بەڵکو وێنا و تێڕوانین لەسەر ئاستی ئەنجامەكان و سەرکەوتن دروست دەكات، هەر بۆیەش یەكەمین مرۆڤ فەرمانە قەدەغەكراوەكەی لەبیر كرد و سزاکەشی دابەزینی پلەو پێگەکەی بوو.
هەردووکیان مامۆستا بوون، بەڵام سەرچاوەكانیان جیاواز بوو، سەرچاوەی خێر، هەموو خێرێك، سەرچاوەی خراپە، هەموو خراپەیەك. سەرچاوەی خێر بە گشتی و بە تایبەتی و بە لق و پۆپ و درەوشانەوەیەوە، و سەرچاوەی خراپەش بەو وێرانەییە كە بە مەبەست لەگەڵ خۆیدا دەیهێنێت.
دۆزی هەبوونی ئێمە و دۆسیەی ئەو ململانێیانەی کە تێیدا ژیاین، هەروەهاش هەموو جۆرەکانی سزادان و ئازاردان، کە بەسەریاندا سەپاندین، هەمووی بە زانستێکی چەواشەکارانە و نەزانییەکی بەئەنقەست و نەزانکردنێکی مەبەستدارەوە ئەنجام دەدرا. ئامانج لێی سەرخستنی ناحەقی بوو بەسەر حەقدا، ئەگەر زانست و زانایان و ئەو مامۆستایە نەبووایە کە هەموو توانای خۆی بەخشی بۆ ڕاستکردنەوەی بیر و کردار و بەرهەمهێنانی وزەی خۆڕاگری، ئەوا ئێمەش لە ڕیزی نەتەوە لەناوچووەکاندا دەبووین.
هەموو فێربوونێك پیشەسازییە، پیشەسازییش كوالیتییە، بەڵام گرنگتر لە بنیادنانی ئەو توانایە، مسۆگەرکردنی سەرکەوتنە بۆ دادپەروەریی و ئازادی، ئەمەش دۆزی ئێمەیە.
بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
و: لە عەرەبییەوە: سەردار حوسێن