Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فازڵ میرانی: دڵنیاین لەم هەڵبژاردنە دەتوانین یەک ملیۆن دەنگ بە دەست بهێنین

هه‌ولێر-KDP.info- بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێ، پەیامی ئێمە بۆ هەرێم و عێراق ئەوەیە کە ئێمە لەگەڵ گەڕاندنەوەی هاوبەشی، هاوسەنگی و سازانین، دڵنیایشیدا کە پارتی لەم هەڵبژاردنە دەتوانێت یەک ملیۆن دەنگ بە دەست بهێنێت . 

فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی حەدەس، گوتی: پێویستە هەموو لایەنەکانی عێراق پێکەوە کار بکەن بۆ چارەکردنی کێشەکان.

میرانی گوتیشی، "نە دۆخی سوننەکان لە عێراق لە دۆخی کورد باشترە، نە دۆخی شیعەکانیش لە هی کورد باشترە، بۆیە دەبێت هەموومان پێکەوە کار بکەین بۆ باشترکردنی دۆخەکە".

لە بارەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەوە، میرانی دەڵێت، "دۆخی هەرێمی کوردستان سەقامگیرە و هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن بە هێمنی بەڕێوە دەچن. 

دەشڵێت، "دۆخی ئەمنیی هەرێمی کوردستان سەقامگیرە و سوپاس بۆ خوا تا ئێستا هیچ کردەوەیەکی تیرۆیستی تێیدا ڕووی نەداوە.

بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، نەک تەنیا گرینگی بە سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دەدەن، بەڵکو گرینگی بە سەقامگیریی تەواوی عێراقیش دەدەن.

سەبارەت بە شێوازی کاركردنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، فازڵ میرانی گوتی، "وەک  پارتی کۆمەڵێک تێبینی و سەرنجی یاسایمان لەسەر کارکردنی کۆمیسیۆن هەیە.

میرانی باسی لە سیستەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کرد و گوتی، "ئێمە سیستەمی هەڵبژاردنی یەک بازنەییمان پێ باشتر بوو نەک فرە بازنەیی، چونکە ئێستا هەر کاندیدێکی کورد بۆ چوونە پەرلەمانی عێراق پێویستی بە زیاتر لە 20 هەزار دەنگە.

هاوکات جەختی لەوە کردەوە، ڕاستە پرۆسەی هەڵبژاردن لە عێراق گرینگە، بەڵام یەکلاکەرەوە نییە.

میرانی، گوتیشی، "دڵنیاین کە پارتی لەم هەڵبژاردنە دەتوانێت یەک ملیۆن دەنگ بە دەست بهێنێت. سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، هەنگاوی گرینگیش لە دوای پرۆسەی هەڵبژاردنەوە دەست پێدەکات.

لە کۆتاییدا، میرانی پەیامێکی ئاراستەی خەڵکی هەرێم و عێراق کرد و ئاماژەی بەوەدا، "پەیامی ئێمە بۆ هەرێم و عێراق ئەوەیە کە ئێمە لەگەڵ گەڕاندنەوەی هاوبەشی، هاوسەنگی و سازانین. ئێمە کار دەکەین بۆ بەرقەرارکردنی سەقامگیریی وڵات و دەمانەوێت عێراق ببێتە وڵاتێکی خاوەن سەروەری.