Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دەقی گوتاری سەرۆکوەزیران لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی پڕۆژەی "مێگەل"

 ھەولێر-KDP.info-  ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەیەکی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری لە سنووری پارێزگای هەولێر کردەوە و گوتارێکی پێشکەش کرد. 

دەقی گوتارەکەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی:

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان.

بەرێزان، زۆر زۆر بەخێر بێن.

خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەم لە کردنەوەی پرۆژەی (مێگەل)، کە بێگومان پرۆژەیەکی زۆر زۆر گرنگە ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستاندا. بە کردنەوەی ئەم پرۆژەیە، خزمەتێکی زیاتری هاووڵاتییان دەکرێت.

خۆشحاڵ بووم کە سەردانی پرۆژەکەمان کرد و چەندین بەشی ئەم پرۆژەکەمان بەسەر کردەوە. ئەوەی جێی دڵخۆشییە ئەم پرۆژەیە، بە دەست و بازووی خەڵکی خۆمان دروست کراوە و تەکنەلۆژیا و ئەو ئامێرە پێشکەوتوانەی کە لە دەرەوە هێنراون، هەموویان بەڕاستی لە ستانداردێکی نێودەوڵەتی و بە شێوازێکی زۆر جوان و سەردەمیانە ئامادە کراون. ئەوە یارمەتیدەرێکی زۆر دەبێت بۆ ئەوەی لە چەند ڕوویەکەوە، هاوڵاتیان دڵنیا بکاتەوە.

لە لایەک، بۆ دابین کردنی پێداویستییە خۆراکییەکان، کە خەڵکی کوردستان پێداویستی هەیە.  ئەم پرۆژەیە بۆ دابینکردنی خۆراکی گۆشت بۆ ئاژەڵداری، بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵ، بۆ کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ، بە هەمووی دروست کراوە. 

ئەو پێداویستیانەی کە هاووڵاتییان هەیانە، ئێستا دەتوانن بە شێوازێکی زۆر باشتر دڵنیا بن، کە بەرهەمە ناوخۆییەکان بە ستانداردێکی نێودەوڵەتی دەتوانن بەدەستیان بهێنن. بیستم کە بەردەوام ئەم پرۆژەیە دەکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی وەزارەتی تەندروستی و هەموو ڕێکارە تەندروستییەکان بە لەبەرچاو بگیرێن و ئەو هاووڵاتییەی کە بەرهەمە ناوخۆییەکانی ئەم پرۆژەیە لە سوپەر مارکێتەکان دەکرێت، دەتوانێت دڵنیا بێت کە لە کوالیتی کۆنترۆڵی وەزارەتی تەندروستی دەرچووە و زۆر سەلامەتە بۆ بەکارهێنان.

کە ئەمە بەشێکی تری گرنگی ئەم پرۆژەیە، چونکە تاکو ئێستا زۆرجارمان دەبینی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆس و نەخۆشی بڵاو دەبووەوە، چونکە بابەتی بەرهەمهێنانی خۆراکی گۆشتییەکان بە شێوەیەکی ناتەندروست یانیش بەبێ ئەوەی ڕەچاوی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بکەین بەرهەم دەهات. ئێستا بەم پرۆژەیە دەکرێت هەموو شتێک لە شوێنێکدا کۆبکاتەوە و هاووڵاتیان دڵنیا بن. هەم دابینکردنی پێداویستییەکان، هەم لە ڕووی سەلامەتی و تەندروستی و کوالیتی ئەو بەرهەمانەی کە دێنە دەست هاووڵاتییان ئەمە هەمووی جێی دڵخۆشییە.

من دەستخۆشی لەو برا و ئەو برایانە دەکەم کە ئەم پرۆژەیان جێبەجێ کردووە، ئیشاڵڵا نموونەی ئەوان زۆر بێت و پرۆژەی هاوشێوەی ئەمەش لە هەموو بەشەکانی کوردستان بەردەوام بێت و دروست بکرێت.

ئەمە بەشێکی ترە لەو هەوڵانەی کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام بووە لە پاڵپشتیکردن و ئاسانکاری بۆ کەرتی تایبەت و ئەو پرۆژەیە بە ئەرکی کۆمپانیای تایبەت و کەرتی تایبەت دروست کراوە. حکوومەت تەنیا پاڵپشت بووە و ئاسانکاری بۆ کردووە. ئێمە بەردەوام دەبین لە هەموو سێکتەرەکان و ئەوەی ئاسانکاری بکرێت و خزمەتگوزارییەکی باشتر، خێراتر بکەوێتە خزمەتی هاووڵاتییان، حکوومەت پاڵپشتیان بێت.

پێشتریش چەندین پرۆژەی هاوشێوە هەبووە کە بە تایبەتی لە کەرتی کشتوکاڵی یارمەتیمان داون و هاوکاری خوشک و برا جووتیارەکانمان داون کە ئەوانیش توانیویانە بەرهەمەکانی خۆیان ساغ بکەنەوە و بتوانن هەتا هەناردەی دەرەوەش بکەن. ئەمەش ببێتە ببن بە یەکێک لەو پرۆژانەی کە بتوانێت هەموو پێداویستی ناوخۆییەکان دابین بکات و ئەگەر پێویست بێت، بتوانێت هەناردەی دەرەوەش بکات.

ئەمە هەمووی هاوکار دەبێت بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی دابینکردنی ئاسایشی خۆراک لەسەر ئاستی کوردستاندا.

ئەم پرۆژەیە دەکرێت چەندین پرۆژەی تریش پێوەی بەسرێتەوە. مەسەلەی ئاژەڵداری، بەخێوکردنی ئاژەڵ، کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ، پێویستی بە عەلەف هەیە، پێویستی بە بەخێوکردن هەیە و ئەوانەش چەندین کۆمپانیای تر دەتوانن سوود لەم پرۆژەیە وەربگرن و ببن بە هاوبەش لە تەواوکردنی ئەو زنجیرەیە. لە لایەکی ترەوە پاشماوەی ئەو ئاژەڵانەی کە دواتر وەک خۆراک بەکاردێن، وەک پێستە یان ئەو شتانەی کە دەمێننەوە، دیسان بکرێت بە پرۆژەی تر بکرێت، کۆمپانیای تر بتوانن سوودیان لێوەربگرن و هەلی کاری زیاتر دروست بکات.

خۆشحاڵم کە بیستم زیاتر لە هەزار هەلی کار هەر لەم پرۆژەیەدا بەرهەم هاتووە و ئەمە جێی دڵخۆشییە.دیسان تەمەننانی سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم و هیوادارم هاووڵاتییان لەمەودا دڵنیا بن کە ئەو گۆشتەی لەم پرۆژە، لەم کارگەیە دەچێتە سوپەر مارکێتەکان، گۆشتێکی تەندروستە، سەلامەتە، بە کوالیتیدا تێپەڕیوە و دەتوانن سوودی لێوەر بگرن.

دەستخۆشتان لێدەکەم، هەمیشە هەر سەرکەوتوو بن.

کوردستانمان هەر ئاوادان بێت.