سۆران-KDP.info- بەرپرسی لقی ١٠ی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، لە ھەموو ھەڵبژاردنەکاندا زۆربەی دەنگدەرانی سۆران دەنگیان بۆ پارتی بووە، لە ھەڵبژاردنی مانگی داھاتووشدا لە سۆران پارتی ھەر یەکەم دەبێت.
بڵند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی ١٠ی سۆران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ڕۆژانە لەناو خەڵکین بۆ پشتگیریکردنی لیستی ٢٧٥ی پارتی، بانگەشەی ھەڵبژاردن لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە شێوەیەکی ھێمن بەڕێوە دەچێت، ئێمە زۆر گەشبینین بە سەرکەوتنی لیستی پارتی، چونکە لە ھەموو ھەڵبژاردنەکاندا ٨٠%ی دەنگەکانی سۆران بۆ پارتی بووە، ئەمجارەش زۆربەی دەنگەکانی سۆران بۆ لیستی ٢٧٥ی پارتی دەبن.
بەرپرسی لقی ١٠ی سۆران هەروەها ئەوەشی ڕوون کردەوە، خەڵکی کوردستان بەگشتی و دەڤەری سۆران بەتایبەتی، دڵنییان کە پارتی ئەو ھێزەیە بەردەوام پارێزگاری لە خەڵکی کوردستان دەکات، سەرکەوتنی پارتی بە سەرکەوتنی خۆیان دەزانن و دەڵێت: "بۆیە ئێمە وەک پارتی پشتمان بە جەماوەری خۆڕسکی پارتی قایمە، ھەمیشە ھەوێنی سەرکەوتنی پارتی، جەماوەری کوردستان بووە."
"ئێمە وەک پارتی خزمەتکردنی خەڵک بە ئەرکی خۆمان دەزانین، داوا لە ھاووڵاتییان و دەنگدەران دەکەین ڕۆژی ١١ی مانگی داھاتوو، بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگ بە لیستی ٢٧٥ی پارتی بدەن، چونکە سەرکەوتن و بەھێزبوونی پارتی کاریگەریی خۆی لەسەر ھەموو کوردستان هەیە." بڵند ئیسماعیل وای گوت.
قائید میرۆ