Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پۆلیسی هەولێر بۆ KDP: لەبه‌ر بەڕێوەچوونی بانگەشە 24 کاتژمێر لەئەرکداین

هەولێر-KDP.info- وتەبێژی پۆلیسی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، شەو و ڕۆژ لە پێناو دابینکردنی کەشێکی ئارام و لەبار بۆ بەڕێوەچوونی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەئەرکداین.

مقەدەم (کیفاح حەسەن)، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، سەرجەم تیم و بەشەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، شەو و ڕۆژ لە ئەرکداین لە پێناو دابینکردنی کەشێکی ئارام و لەبار بۆ بەڕێوەچوونی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و هەروەها دابینکردنی سەقامگیری و ئارامیی زیاتر بۆ  هاووڵاتیان و گەشتیاران و بەڕێوەچوونی هێمنانەی دوور لە توندوتیژی و پشێویی ئەو ئاهەنگ و کەرنەڤاڵەکانەی بەو بۆنەیەوە بەڕێوە دەچن.

وتەبێژی پۆلیسی هەولێر ڕاشیگەیاند، کاری لەپێشینەمان پاراستنی سەر و سامانی هاونیشتمانیانی خۆشەویستی شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و چەسپاندنی سەروەریی یاسایە.

مقەدەم (کیفاح) دەشڵێ، وەک بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، هەمیشە خۆمان بە خزمەتکاری ڕاستەقینەی هاووڵاتیانی خۆشەویست دەزانین و 24 کاتژمێریش پارێزەری سەروەریی یاسا و ئارامیی شارین.

 

ئومێد بابان