Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی دووسایدی (هەولێر – کۆیە) له‌لایه‌ن سه‌رۆكی حكوومه‌ته‌وه‌ گوڕوتینی زیاتر به‌ جێبه‌جێكردنی ده‌دات

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی دووسایدی (هەولێر - کۆیە)ـی بەسەر کردەوە.

پڕۆژەی ستراتیژی و گرنگی دووسایدی (هەولێر – کۆیە) کە بە یەکێک لە شادەمارەکانی ڕێگه‌وبانی کوردستان دادەنرێت، لە سنووری پارێزگای هەولێر جێبەجێ دەکرێت.

ئەم پڕۆژە گەورەیە بە گوژمەی 560 ملیار و 443 ملیۆن دینار ئەنجام دەدرێت و کۆمپانیای "ئوزان" کاری تێدا دەکات. ڕێگه‌کە درێژییەکەی 37 کیلۆمەترە و بە شێوەی سێ لاین بۆ ڕۆیشتن و سێ لاین بۆ هاتن دیزاین کراوە، کە پانی هەر لاینێک 12 مەترە. هەروەها، ڕێگه‌کە بە سێ چینی قیڕی 22 سانتیمەتری قیرتاو دەکرێت بۆ دڵنیابوون لە کوالێتی و خۆڕاگرییەکەی.

لە دروستکردنی ئەم پڕۆژەیەدا، 6 ئۆڤەر پاس و 5 ژێر پرد و پردێکی گەورە بە درێژی 250 مەتر دادەنرێت. سەرەڕای ئەمانەش، 160 ئاوبڕی کۆنکرێتیش دروست دەکرێن بۆ باشترکردنی سیستمی ئاوه‌ڕۆ و پاراستنی ڕێگه‌کە لە لافاو و داخوران.

 چاوەڕوان دەکرێت ئەم پڕۆژەیە کاریگەرییەکی گەورەی هەبێت لەسەر کەمکردنەوەی قەرەباڵغی، خێراکردنی هاتووچۆ و باشترکردنی سەلامەتی ڕێگه‌وبان لە نێوان هەردوو شارەکەدا.