Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

كوردانی تاراوگه‌ بۆ KDP: ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ وڵات بۆ دەنگدان به‌ لیستی ٢٧٥ی پارتی

ھەولێر-KDP.info- کوردانی تاراوگە لە وڵاتانی ئەورووپا، ڕوو لە کوردستان دەکەنەوە و دەڵێن: بۆ ئەوەی گەلی کورد بەھێز بێت، دەبێت پارتی بەھێز بێت، بۆیە ئێمە لە ئەورووپاوە دەگەڕێنەوە بۆ نیشتییمان و دەنگ بە لیستی ٢٧٥ی پارتی دەدەین.

ئیبراھیم مایی لە وڵاتی فەڕەنساوە، لە ڕێگەی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە پەیامی خۆی ڕاگەیاندوو گوتی: من بڕیارم داوە لە چەند ڕۆژی داھاتوودا بگەڕێمەوە بۆ کوردستان، بۆ بەشداری لە ھەڵبژاردن و دەنگدان بە لیستی ٢٧٥ـی پارتی. ئەو دەڵێت: گەڕانەوەم بۆ کوردستان بۆ ئەوەیە بە دەنگی خۆم بەشداربم لە سەرکەوتنی پارتی و بە ئەرکی سەرشانمی دەزانم. بۆ ئەوەی کورد لە بەغدا بەھێز بێت، پێویستە پارتی بەھێزبێت تا بەرگریکاری لە مافەکانمان بکات."

عەبدوڵڵای حەمزە ئاغای پشدەری، دانیشتووی وڵاتی دانیمارکە، لە لێدوانێکدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: بۆ پاڵپشتی لە لیستی ٢٧٥ـی پارتی و سەرخستنی پارتی دەگەڕێمەوە کوردستان. پشدەری پێی وایە: "بۆ ئەوەی بتوانین ڕووبەڕووی ھەموو پلانەکان ببینەوە و پارتی وەک شۆڕەسواری گۆڕەپانەکە ڕۆڵی خۆی وەک ھەمیشە بگێڕێت، پێویستە ھەموومان لەو ئەرکەدا بەشدار بین، ئەوە منەت نییە، ئەرکی خۆمە بگەڕێمەوە کوردستان بۆ ئەو پڕۆسەیە.

فەزیلە شۆڕش، لە وڵاتی ھۆڵەندا دەژی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ئێمە کوردانی تاراوگە بە دڵ لە کوردستانین، ھەموو کارەکانمان لە خزمەت کوردستانە، پارتی ئەو حزبە ڕەسەنەی گەلی کوردە دەبێت بەھێزتر بکرێت، بۆیە بۆ پاڵپشتی لە لیستی ٢٧٥ دەگەڕێمەوە بۆ کوردستان.

لە وڵاتی دانیمارکیشەوە بەیان عەبدوڵڵا، ھاوشێوەی تاراوگە نشینەکانی تر، بڕیاری داوە بۆ دەنگدان بە لیستی پارتی بێتەوە کوردستان و لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کورستان گوتی: پارتی ئەو ھێزە سیاسییەیە دەنگدان پێی پەشییمانی لەدوا نییە، چونکە پارتی ئایندەی نەتەوەکەمان بنیات دەنێت.

شیلان ئاستەیی، یەکێکی ترە لەو تاراوگە نشینانە، لە وڵاتی بەریتانیاوە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: دەبێت پارتی سەربکەوێت و پارێزگاری لە گەل و قەوارەکەمان بکات، پارتی حزبێکی کوردستانییە، بەگشتی دەبێت ئەو کوردەی ئینتیمای نیشتییمانی ھەبێت، دەنگی بۆ لیستی ٢٧٥ پارتی بێت، بە فەرزی دەزانم بگەڕێمەوە بۆ وڵات و دەنگ بۆ لیستی ٢٧٥ پارتی بدەین.

 

عەزیز ڕەسووڵ